تەندروستیی جیهانی هۆشداری بە عێراق دەدات
لەمبارەیەوە ئەدهەم ئیسماعیل نوێنەری ڕێكخراوە جیهانییەكە لە عێراق رایگەیاند دوای تۆماركردنی ڕێژەیەكی بەرزی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا لە عێراق، ترس هەیە لەوەی عێراق تووشی هەمان چارەنووسی ئێران و چەند وڵاتێكی ئەورووپی وەكو ئیتاڵیا و ئیسپانیا بێت، بە جۆرێك كە چیتر لە نەخۆشخانەكاندا شوێن بۆ لەخۆگرتن و چارەسەركردنی تووشبووان نەمێنێ.
ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش داوە كە پێویستە حكوومەت هەموو كۆبوونەوە و گردبوونەوەیەكی هاووڵاتییان قەدەغە بكات، ڕێوشوێنە ئاسایشییەكان توندتر بكات، هاووڵاتییانیش پێویستە پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپاراستن لە پەتای كۆرۆنا بن، بۆ ئەوەی چیتر ڕێژەی تووشبوون بەرزتر نەبێتەوە.
جێی باسە ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە راپۆرتی رۆژانەی خۆیدا بڵاوی كردەوە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا بەرزترین ڕێژەی تووشبوون بە پەتاكەیان تۆمار كردووە و ژمارەی تووشبووە نوێیەكان گەیشتووەتە دوو هەزار و 437 كەس.
بە پێی راپۆرتەكە، زۆربەی تووشبووەكانی ئەمڕۆ لە پارێزگاكانی بەغدا، بەسرە، زی قار و میسانن.
هەروەها لە دوێنێوە یەك هەزار و 237 تووشبووی پەتاكە لە عێراق چاك بوونەتەوە، 107 تووشبووش گیانیان لەدەست داوە، بەم شێوەیە تا ئێستا لە عێراقدا 39 هەزار و 139 تووشبووی پەتاكە تۆمار كراون، 18 هەزار و 51 تووشبوو چاك بوونەتەوە، 19 هەزار و 651 تووشبوو لە نەخۆشخانەكاندا چارەسەری وەردەگرن و یەك هەزار و 437 تووشبووش گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
