لێژنهى باڵاى ئۆپهراسیۆنهكانى سلێمانى چهند بڕیارێكى دهركرد
ئهمڕۆ چوارشهممه 24/6/2020، لێژنەی باڵای ئۆپهراسیۆنهكانى پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا ڕاگهیاندراوێكیان بڵاو كردووهتهوه و تێیدا باس لهوه كراوه، ئهمڕۆ لێژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دوای ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا تایبەت بە ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بڕیاری دا بە:
1 - جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردن و بەدواداچوونی تەواوی ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 20/6/2020ی لێژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا دراون و بە نووسراوی ژمارە 125 لە 20/6/2020ی پارێزگای سلێمانی/ نووسینگەی تایبەتدا، گشتاندنیان بۆ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان پێ کراوە.
2 - لە ڕۆژی 25/6/2020هوە، هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناو بازاڕ)ى شاری سلێمانیدا ڕادەگیرێت و هاووڵاتییان بەپێی ڕێنوێنییه خۆپارێزیی و تەندروستییەکان تەنیا بەپێ دەتوانن هاتوچۆ و بازاڕ بکەن.
3 - دابەشکردنی مووچە لە ڕۆژانی ئایندەدا دەست پێدەکات و لەکاتی پێویستدا فەرمانگه و خەزێنە و بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی دەوامی خۆیان دەکەن بەپێی ڕێکار و ڕێنوێنییه تەندروستییەکان، فەرمانگەکان بەپێی لیستی مووچە بەهەمان ڕێکار و ڕێنوێنیی تەندروستی لەو ڕۆژانەی بۆیان دیاری دەکرێت، مووچە دابەش دەکەن.
4 - پێویستە هەموو یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی هەمان ئەو بڕیار و ڕێکار و ڕێنوێنییانه جێبەجێ بکەن، کە لەم نووسراوە و نووسراوی ژمارە 125ی ڕۆژی 20/6/2020ی پارێزگای سلێمانیدا دیاری کراون و بەپێی تایبەتمەندیی سنوورە کارگێڕییەکانیشیان دەسەڵاتی تەواویان هەیە ڕێکاری دیكه بۆ باشتر بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بگرنە بەر.
باسنيوز
