گوندێکی دیکەی زاخۆ لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵ کرا

گوندێکی دیکەی زاخۆ لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵ کرا
بەڕێوەبەری ناحیەی (باتیفا)ی سەر بە قەزای زاخۆ ڕای گەیاند ئەمڕۆ دووشەممە 2020.6.22 گوندی "کەشان" لە سنووری ناحیەی باتیفا لەبەر شەڕی پەکەکە و بۆردومانی سوپای تورکیا، دانیشتوانەکەی چۆڵیان کردووە.

لەمبارەوە دلشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەری ناحیەی (باتیفا)ی سەر بە قەزای زاخۆ، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دانیشتوانی گوندی "کەشان"ی سەر بە باتیفا لەبەر شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، بە یەکجاری گوندەکەیان چۆڵ کردووە و ڕوویان لە سەنتەری ناحیەکە کردووە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە بە شێوەی کاتی خەڵکەکەمان لە هەندێ شوێن جێگیر کردووە، هەتا چارەسەرێک بۆ ڕەوشەکە دەدۆزرێتەوە و مەترسی لەسەر دانیشتوانی گوندەکە نەمێنێت و پاشان بگەڕنەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆردومانی سنووری گوندی کەشان، ترس و دڵەڕواکێیەکی زۆری لەناو خێزان و ژن و منداڵی گوندەکە دروست کردووە و لەبەر ترسی گیانیان بە یەکجاری شوێنەکەیان بەجێ هێشتووە".

چۆڵکردنی ئەم گوندە لە کاتێکدایە، ئیدریس هەرکی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند: "بەهۆی شەڕ و پێکداداننی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە سنووری قەزا و ناحیەکانی پاریزگای دهۆک 300 گوند چۆڵ کراون و زیاتر لە سێ ملیا دینار زەرەر و زیان بە خەڵک و کەرەتە حکوومییەکان گەیشتووە".

هەر بەهۆی شەڕی پەکەکە و لە ئەنجامی بۆردومانی سوپای تورکیا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە هەردوو قەزای ئامێدی و زاخۆی سەر بە دهۆک 32 هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون.














باسنیوز



Top