بەرپرسی لقی چوار: تەقەکردن لە بارەگاکانمان لە سلێمانی بووەتە دیاردە
سەعد سەلیم، بەرپرسی لقی 4ـی پارتی لە سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تەقەکردن لەبارەگاکانیان بەھەوڵێکی ترسنۆکانە و چەواشەکاری و دوژمنکارانەی هەژمار دەکەن و ئەو ڕووداوی تەقەکردنانە ”دوورە لە ڕەوتی نیشتیمانی و شارخۆشەویستی و پێکەوەژیانی لایەنە سیاسییەکان“.
سەعید سەلیم هەروەها رایگەیاند، تەقەکردن لەبارەگاکانی حزبەکەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی زەق لەحاڵەت دەرچووە و بووەتە دیاردە.
بەرپرسی لقی 4ـی پارتی بە پێویستی دەزانێ دامودەزگا ئەمنییەکان سەروماڵی ھاووڵاتیان و دەزگا حزبییەکان بپارێزن، بەڵام لەپرسی تەقەکردن لەبارەگاکانی پارتی، کە دەیان جارە تەقە لەبارەگای لقی چوار و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بارەگاکانی دیکەی پارتی لە سنووری سلێمانی دەکرێت، ”تا ئێستا تەنیا لێپرسینەوەی شکڵیمان بینیوە و نەمان بینیوە پڕۆسەی بەیاساییکردنی ئەو ڕووداوانە بەرجەستە بکرێت".
سەعید سەلیم بە ئاماژەکردن بەوەی ئەوان مافیان هەیە هێزی خۆپارێزیی بارەگاکانیان لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتی بەهێزتر بکەن، بەڵام ئەو مافەیان بەکار نەهێناوە، چونکە پێیانوایە ”ئەرکی پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان و ھەموو پێکھاتەکانی سلێمانی، لەئەستۆی دەزگا ئەمنییەکاندایە، بۆیە ھیوادارین دەزگا ئەمنییەکان بەئەرکی پیشەیی خۆیان ھەستن و داھاتوومان وەکو ڕابردومان نەبێت".
باسنيوز
