ڕوونکردنەوە لە بارەی ئەژمێری بانکی بۆ مووچە خۆران دەدرێ
مستەفا سەعید، بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیای بانکەکان لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "پێشووتر داوامان کردبوو نووسراویش کرابوو تاوەکوو هەموو وەزارەتەکان ئەژمێری بانکی، حیساب بانکی بۆ فەرمانبەرانیان بکەنەوە، بەڵام پشتگوێیان دەخست، ئێستا بۆتە بڕیار ئەوەی مووچەی هەبێ دەبێ ئەژمێری بانکی بکاتەوە".
گوتیشی: "بەشێکی باش لە وەزارەت و فەرمانگەکان ئەژمێری بانکیان هەیە،بەڵام بەشێکی وەزارەتەکان نەیانکردووە، دەبێت لە ماوەی داهاتوو ئەو کارە بکەن، خەریکی وەرگرتنی داتایین تاوەکوو بزانین چەند فەرمانبەر حیساب بانکیان نییە".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی جەختی کردەوە" ئەو ئەژمێرە بانکییە تەنها بۆ مووچە نابێت بەڵکو دەکرێ پاشەوتی مووجەشی بخرێتەسەرو بۆ کاروباری تریش سودی هەبێ".
مستەفا سەعید، ئاشکراشی کرد ئەگەر لە ڕێگەی ئەوان بە ئەلیکترۆنی ئەژمێری بانکی بکرێتەوە، دەتوانن لە ڕۆژێک 100هەزار ئەژمێر بکەنەوە، بەڵام ئەگەر پێدانی چەک بێت ئەوە ژمارەکە کەمتر دەبێت.
هەروەها ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ڕوونیشیکرەوە، ئەو پرسە بەشێکە لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی یاسای چاکسازی.
باسنیوز
