11تووشبووی كۆرۆنا لە گەرمیان چاك بوونەوە
لە شاری كەلار 11 تووشبووی پەتای كۆرۆنا چاک بوونەتەوە و نەخۆشخانەیان بەجێ هێشتووە و ژمارەیەک لە تووشبوانیش پێویستیان بە پلازمایە.
دوێنێ هەینی تەندروستیی گەرمیان چاكبوونەوەی11 تووشبووی پەتای كۆرۆنای لە گەرمیان راگەیاند و ئاشکرای کرد ئەو کەسانە نەخۆشخانەیان بەجێ هێشتووە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
لەمبارەوە وریا محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی كەلار بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لە شاری كەلار ژمارەیەك تووشبووی پەتای كۆرۆنا لە دۆخێكی خراپدان و پێویستیان بە پلازما هەیە."
گوتیشی: "بەپێویستی دەزانین داوا لەو كەسانە بكەین كە دوو هەفتە بەسەر تووشبوونیان بە پەتاکە تێپەڕیوە، باسەردانمان بكەن بۆ بەخشینی پلازما."
هاوكات ژمارەیەك لە كەسوكاری تووشبوانی پەتای كۆرۆنا بۆ دابینكردنی پلازما لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بانگەواز دەكەن بۆ پلازما بۆ ئەوەی گیانی كەسە نزیكەكانیان لە مردن بپارێزن.
لە كەلار بەهۆی پەتای كۆرۆناوە تا ئێستا دوو كەس گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
