حکوومەتی هەرێمی کوردستان 15 ملیار دینار بەسەر کەسانی کەمدەرامەت دابەش دەکات

حکوومەتی هەرێمی کوردستان 15 ملیار دینار بەسەر کەسانی کەمدەرامەت دابەش دەکات


بەڕپرسێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 15 ملیار دینار بەسەر کەسانی کەمدەرامەت و هەژاردا دابەش دەکات.


ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "بەهۆی بڵاو بوونەوەی پەتای کۆرۆناوە خەڵکێکی زۆر بێ کار ماونەتەوە و بەوهۆیەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 15 ملیار دیناری تەرخان کردووە بۆ ئەو کەسانەی هەژار و کەمدەرامەتن و بەهۆی پەتای کۆرۆناوە زیانیان بەرکەوتووە"


گوتیشی: "ئێستە لە بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان فۆڕم بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش کراوە و دابەشکردنی فۆڕمیش وەستاوە و لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە پێکهێندراوە و سەرپەرشتی فۆڕمەکان دەکات و هەرکات پڕکردنەوەی فۆرمەکان کۆتای هات دەست دەکرێت بە دابەشکردنی فۆڕمەکان".


ئاماژەی بە ئەوەش کرد، ئەو کەسانەی لە وەرگرتنی ئەو فۆڕمانە سوودمەند دەبن ئەو کەسانەن کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە زەرەرمەند بوون و بە بەڵگەوە سەلماندوویانە کە لە کاتی بڵاو بوونەوەی پەتاکە بێکار بوون و هەژار و کەمدەرامەتن و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتن.

ڕاشیگەیاند: "هەولێر 45 هەزار و 500 فۆڕمی بەردەکەوێت و سلێمانی 32 هەزار و 500، دهۆک 32 هەزار و 500 و هەڵەبجە پێنج هەزار و 200، ئیدارەی گەرمیان شەش هەزار و 200 و ڕاپەڕین حەوت هەزار و 800 فۆڕمی بەردەکەوێت".




هەروەها گوتی: "ئێمە پارەکە لە ڕێگەی ژمارەی بانکییەوە دابەش دەکەین و لیژنەکان لیستی فۆڕمەکانمان بۆ دەنێرن و ئەو کەسانەی فۆڕمەکانیان پڕکردۆتەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پارە وەرناگرن بەڵکو لە ڕێگەی ژمارەی بانکییەوە وەریدەگرن".








باسنیوز
Top