بایكۆتی هەدەپە لە میدیاكانی توركیا بەردەوامە
هەدەپە كە خاوەنی ٦ ملیۆن دەنگە، لەلای میدیای توركیاوە هیچ حیسابێک بۆ پارتەکە و سەرکردە و پەرلەمانتار و سیاسییەکان ناكرێت و بایكۆت كراون، رۆژنامەنووسەكانیش شەرعییەت بە خۆیان دەدەن كە گرنگە ئێستا هەدەپە بایكۆت بكرێت، چونكە نەیتوانیوە بۆشاییەك لە نێوان خۆی و پەكەكەدا دروست بكات.
محەممەد ئاكیف ئاكسۆی كە سەر بە ئاكەپەیە و پێشتر عاشقبوونی خۆی بۆ ئەتاتورك دوپات كردووەتەوە، دەڵێت سەربازەكانمان شەهید دەبن لەپێناو پارێزگاریكردن لە خاك و نیشتمان، هەموو ئەو شەڕانەش دەیكەن یاساییە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە، بەڵام بەداخەوە هەدەپە نایەوێت پەكەكە ببینێت كە تیرۆریستە.
ئەو لە پێگەی خۆی لە تویتەر نووسیویە: "پێویستە بە هیچ شێوەیەك هیچ هەدەپەییەك داوەتی هیچ بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی نەكرێت، تا بە ئاشكرا دژایەتیی خۆیان بۆ پەكەكە دەردەبڕن".
وەیس ئاتەش رۆژنامەنووسی تەلەفزیۆنی (خەبەر تورك) لە بەرنامەی راستەوخۆدا گوتی تا هەدەپە بۆشاییەك لە نێوان خۆی و پەكەكەدا نەنێت، داوەتی هیچ بەرنامەیەك ناكرێن. هەروەها هێرشی كردە سەر هەدەپە و گوتی پاڵپشتی لە تیرۆر دەكات.
رۆژنامەكانی توركیا پڕوپاگندەیەكی گەورەیان دەست پێ كردووە بۆ ئەوەی هەدەپە وەكوو پەكەكە بناسێنن و داوا دەكەن لە هیچ بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی و رۆژنامەیەكدا بۆچوونی هەدەپە وەرنەگیرێت.
تاكە رێگا كە هەدەپە بتوانێت بۆچوونی خۆی تێدا بڵاو بكاتەوە و دەربكەوێت، ماڵپەڕی (T24)ی توركییە، كە ئەو ماڵپەڕەش زۆرێك لە رۆژنامەنووسەكانی قەڵەمەكەیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد تیژ بووە و ئێستاش هەر بەردەوامن لەسەر بۆچوون و هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد بە شێوەیەكی ئاشتییانە.
باسنيوز
