وەزارەتی دارایی چەند زانیارییەک بۆ مامۆستایانی دامەزراو دەخاتەڕوو
پەروین نوری، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "دوای رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی لە 7ی 3 فەرمانی بۆ بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست دەرکرد و کارەکانیان تەواوکرا".
بەڕێوەبەری گشتی بودجە، سەبارەت بە چۆنیەتی ئەژمارکردنی دەستبەکاربوونیان گوتی: "سەبارەت بە دەستبەکاربوونیان، بە پێی ڕێنمایی دارایی ئەوە دەبێت لە 7ی 3 بێ، بەڵام گوایە وەزیری پەروەردە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی وەرگرتووه لە 1ی1ی 2020ەوە بۆیان ئەژمار بکرێ".
بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی سەبارەت بە ئەژمارکرنی ئەو ماوەیەی کە مامۆستایان بە گرێبەست خزمەتیان کردووە، راشیگەیاند: "دوای ساڵێکی تر ئەو مامۆستایانە دەتوانن داوای خزمەتی گرێبەستیان بکەن، ئەوکات بە پێی ڕێنماییەکان دەبێت پارەی لێبڕینی خانەنشینی بۆهێنانەوەی خزمەتەکانیان بکەن، بۆ خانەنشینی بۆیان ئەژمار دەکرێ، بەڵام نازانم بۆ پلەبەرزکردنەوەیان دەبێ یاخود نا".
ڕۆژی 6ی11ی2019 سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست کە ژمارەیان نزیکی پێنج هەزار کەسە.
باسنیوز
