سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کرد
لە دیدارەکەدا کە جەیمس سۆرنتن کونسولی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و میکانیزمی چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکان لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی و ڕایگەیاند ئێمە پشتگیریی لە حکوومەتی موستەفا کازیمی دەکەین لە پێناو چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور. گوتیشی: "هەر کاتێک برایانمان لە حکوومەتی فیدراڵی ئامادەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانمان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، ئامادەم سەردانی بەغدا بکەم".
باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بۆ لە یەکنزیکردنەوەیان لە پێناو چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور. گوتیشی عێراق و هەرێمی کوردستان بە دۆست وهاوپەیمانی خۆمان دەزانین و دەمانەوێت لەم دۆخە سەختەی ئێستادا هاوکاریان بین.
باسنيوز
