سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەخت لە بوونی پێشمەرگە لە خانەقین و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە دەكاتەوە و داوای هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق دەكات.

لە پەیامێكدا كە كەمێك لەمەوبەر (یەكشەممە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠) بڵاوی كردووەتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانیی خۆی بۆ هێرشەكەی شەوی رابردووی تیرۆریستان بۆ سەر گوندەكانی (دارا و مێخاس)ی سەر بە خانەقین دەربڕیوە كە بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتیی كاكەیی شەهید بوون و چەندانیتریش بریندار بوون.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای سەرەخۆشیكردن لە كەسوكاری شەهیدەكان و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان، جەختی لە گرنگیی بوونی پێشمەرگە لەم ناوچانە كردووەتەوە.

ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

بەداخەوە دوێنێ شەو لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستان بۆ سەر گوندەکانی دارا و مێخاس سەر بە قەزای خانەقین ژمارەیەک خوشک و برای کاکەیی شەهید بوون و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهیدانە دەکەین و خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

ئێمە لە کاتێکدا زۆر لە دۆخی ناسەقامگیریی ئەو ناوچانە نیگەرانین، لە هەمانکاتدا جەخت لە میکانیزمی ھاوکاریی ئەمنیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و گرنگیی هەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە دەکەینەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق ، سەقامگیریی بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە و سەروماڵی هەموو هاووڵاتییانی ناوچەکە بپارێزن.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/6/14












باسنيوز



Top