پارێزگاری هەولێر: هەندێك كەس و لایەن پرسی كۆرۆنایان تێكەڵی سیاسەت كرد و خەڵك ئێستا باجەكەی دەدا

پارێزگاری هەولێر: هەندێك كەس و لایەن پرسی كۆرۆنایان تێكەڵی سیاسەت كرد و خەڵك ئێستا باجەكەی دەدا
پارێزگاری هەولێر رای گەیاند، هەندێك كەس و لایەن پرسی كۆرۆنایان تێكەڵ بە بابەتە سیاسییەكان كرد و بەم هۆیەوە خەڵكیان ڕووبەڕووی مەترسییەكی گەورە كردووەتەوە.

كەمێك لەمەوبەر د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە پرێس كۆنفرانسێكدا رای گەیاند، لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خودی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جددی بوو كە ژیانی هاووڵاتیان بپارێزرێ و بۆ ئەم مەبەستە خۆی چاودێریی شوێنەكانی كردووە و لە هەر كوێیەك قەرەباڵغی هەبووبێت، ئەوانی ئاگادار كردووەتەوە. بەڵام "دواتر هەندێك كەس و لایەن بابەتەكەیان تێكەڵی پرسی سیاسی كرد، ئێستا رۆژ بە ڕۆژ دۆخی هەرێمی كوردستان خراپتر دەبێت، ئەگەر خەڵكی سنووری هەولێر بە تەواوی ڕێكارەكانی خۆپارێزی نەگرنە بەر، ئێمە بەرەو مەترسیی زیاتر هەنگاو دەنێین".

ئاماژەشی بەوە كرد: "خەڵكی هەولێر و هەرێمی كوردستان هەقی خۆیانە لێیان بپرسن، ئەوانەی دەیانگوت ڕێكارەكانی خۆپاراستن لە كۆرۆنا بۆ ئەوەیە مووچە نەدرێ یان خۆپیشاندان نەكرێ یان دەیانگوت راست نییە، ئەمانە دۆخێكیان دروست كرد خەڵكیان بێباوەڕ كرد، بەداخەوە وێڕای هەنگاوە پیرۆزەكان، دۆخەكە بەوە گەیشت كە قەزایەكی بچووكی وەك چۆمان شەوی رابردوو ٢٠ حاڵەتی تێدا دەركەوتووە. بەداخەوە لە زۆربەی گەڕەك و شوێنەكان ئەم ڤایرۆسە بڵاو بۆتەوە، خەڵكی كوردستان حەقیتی بپرسێ ئەوانەی لەپێناو باری قاچاخ و بەرژەوەندیی تەسك دۆخی كوردستانیان بەم ئاستە گەیاند، دەبێ خەڵك هەڵوەستە بكات كە جددییەتمان بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە لە ئەنجامی هەوڵی كۆمەڵێك كەس كە بەرپێی خۆشیان نابینن، دۆخێكی خراپیان دروست كرد".

دووپاتیشی كردەوە كە ئەوان دەستبەرداری هەوڵەكانی ڕێگەگرتن لە پەتای كۆرۆنا نابن و لە هەموو كاتێك جددیتر هەوڵدەدەن ئەم دۆخە كۆنتڕۆڵ بكرێت، بە شێوەیەك بتوانرێت هەم كار و كاسبیی خەڵك هەبێ و هەمیش ڕێكارەكانی خۆپارێزی پەیڕەو بكرێت.

پارێزگاری هەولێر بە ڕاشكاوانە بە خەڵكی پارێزگاكەی راگەیاند، ئەگەر پابەندی ڕێنماییەكانی تەندروستی ببن، ئەوا بە هاوكاریی حكوومەت، مەترسییەكان كەم دەبنەوە، بە پێچەوانەشەوە مەترسیی زۆر ڕوو لە خەڵك دەكەن.







باسنیوز
Top