پارێزگاری سلێمانی: لە ئەمڕۆوە بەرنامەی سێیەمی خۆپارێزی دەستپێدەكات لەژێرناوی خۆپاراستن و سزای كۆمەڵایەتی بۆ تەندروستی گشتی
ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی راگەیاند: "لە ئەمڕۆوە بەرنامەی سێیەمی خۆپارێزی دەستپێدەكات لەژێرناوی خۆپاراستن و سزای كۆمەڵایەتی بۆ تەندروستی گشتی، پێویستە ئەو كەسانەی رێنماییەكان جێبەجێ ناكەن ئەگەر دوكاندارە ھاووڵاتییان شتومەكی لێ نەكڕن، ئەگەر ھاووڵاتییە دوكاندار شتی پێ نەفرۆشن و سەرزەنشت بكرێن، دەمانەوێت پێكەوە كار لەسەر یاساكان و ویژدانی ھاووڵاتییان بكەین، بۆ ئەوەی پێكەوە ئەم دۆخە تێپەڕێنین".
لەبارەی ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووان و كەمی نەخۆشخانە تایبەتەكانی كۆرۆنا پارێزگاری سلێمانی گوتی: "ئێمە باوەڕمان بە زیادكردنی نەخۆشخانەكان نییە، بەڵكو باوەڕمان بە كەمكردنەوەی ژمارەی ھەڵگرانی ڤایرۆسەكە و ئاساییكردنەوەی دۆخەكە ھەیە، ئەگەر نەخۆشخانەكانیش زیاد بكەین پێداویستییەكان كەمن لە وڵاتانی دیكەش دۆخەكە وایە، ئەگەر خەڵكێكی زۆر تووشبن فریایان ناكەون".
ئاشكراشی كرد: "ئێستا نەخۆشخانەكان تەنھا بۆ ئەو كەسانە بەكاردەھێندرێن كە باری تەندروستییان ناجێگیرە، ئەوانەی كە نیشانەی ڤایرۆسەكەیان ھەیە كەرەنتینە بۆ ئەوانە بەكاردەھێندرێت".
ئاماژەی بەوەشكرد: "دوای ھەڵگرتنی قەدەغەی ھاتووچۆ رێنمایی و رێكارەكانی خۆپارێزی وەكخۆی جێبەجێ دەكرێن و چاو لە ھیچ كەس و دامودەزگایەك ناپۆشین، ئەوانەی رێنماییەكان جێبەجێ نەكەن سزا دەدرێن".
K24
