گوڵاڵە.. باوكی سێ برا كوژراوەكە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا
خەلیا خوداداد، بەرپرسی كۆمیتەی گوڵاڵەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ڕایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا باوكی 3 برا كوژراوەكەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 4/6/2020ی گوندی (ئیسڵاح) ی سەربەشارەدێی گوڵاڵە، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا".
گوتیشی: "ڕووداوەكە لە كاتێكدا ڕووی دا كە باوك و سێ كوڕەكەی لە باخەكەی خۆیاندا بوون و لەلایەن چەكدارانی ڕێكخراوی داعشەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللە".
بەپێی زانیارییەكان كوژراوەكان بریتین لە (حوسێن ئیسماعیل ـ باوك، ڕافد حوسێن ئیسماعیل، فازڵ حوسێن ئیسماعیل و ئەحمەد حوسێن ئیسماعیل).
شارەدێی گوڵاڵە یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە دووریی 30 كیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای قەزای خانەقین هەڵکەوتووە، لە پاش ڕووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 دۆسیەی ئەمنی شارەدێكە كەوتە دەست هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی و لەو كاتەوە تائێستا ژمارەی كردەوە تیرۆریستییەكانی سنووری شارەدێكە ڕۆژ دوای لە زیادبووندان.
باسنیوز
