سەرکردەیەکی گۆڕان: شاسوار عەبدولواحید لە بەرامبەر چی ئەو هەموو زەوییەی وەرگرتووە؟
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕایگەیاند: ”شاسوار عەبدولواحید پارەی ھەزارەھا خێزانی ھەرێمی کوردستانی خواردووە و باشترە پارەی خەڵکی ھەژار بداتەوە، ھەر کەسێکیش پارەی خەڵکی ھەژار بخوات، فێڵ لە میللەتەکەی خۆی بکات، نابێت سیاسەت بکات، ئەگەر یاسا ھەبوایە، دەبوایە ڕێگە بە کاری سیاسی و حزبیی ئەو بازرگانە نەدرایە، چونکە کەسێکی قەرزارە و پارەی خەڵکێکی زۆری خواردووە".
ڕوونیشی کردەوە کە ئەو کەسانە کاری سیاسی دەکەن، دەبێت کەسانی پاک و تەندروست بن و زوڵم لە هاووڵاتیان نەکەن، بەڵام ”شاسوار عەبدولواحید بازرگانێکە، ھەزارەھا خێزانی سەرگەردان کردووە، بزووتنەوەی گۆڕان ھەرچی کردبێت، زوڵمی لە خەڵکی نەکردووە، کاتێکیش بەشداری حکوومەتمان کردووە، لەسەر کارنامەیەک ڕێککەوتوین کە خزمەتی خەڵکی بکات، ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ئێستا تەنھا ھەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو ھەموو جیھانی گرتووەتەوە“.
باسیشی لەوە کرد کە راستە حکوومەت کەموکوڕی هەیە، بەڵام کابینەکانی پێشوو ئەم دۆخەیان بۆ کابینەی نۆیەمی حکوومەت جێهێشتووە. گوتیشی: ”ئەم کابینەیە دونیایەک قەرز و قۆڵەی بۆ جێهێڵدراوە، جگە لەوەی خۆمان باری ئابووریمان باش نەبووە، نرخی نەوتیش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، ئێستاش دۆخی کۆرۆنا ھەموو جیھانی گرتووەتەوە".
سەرکردەکەی گۆڕان باسی پەیوەندیی ژێربەژێری شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سلێمانی دەکات و دەڵێت: ”شاسوار لەبەرامبەر چی ئەو ھەموو زەوییەی وەرگرتووە؟ کێ چاوشۆڕی دەسەڵاتە؟ کام بەرپرسی گۆڕان پارەی خەڵک و حکوومەتی خواردووە، ئێمە یان شاسوار عەبدولوحید؟ باشترە ئەو بازرگانە بڕوات چارەسەری کێشەکانی خۆی بکات و قەرزی خەڵکی ھەژار بداتەوە".
هۆشداریشی پێدا لەوەی باسی نەوشیروان مستەفا بکات و رای گەیاند: ”شاسوار حەدی نییە باسی کاک نەوشیروان بکات، ھەموومان دەزانین نەوشیروان مستەفا سەرکردەیەکی تێکۆشەری ئەم گەلە بووە، ھەموو کەسێکیش دەزانێت ڕابردووی شاسوار عەبدولواحید چۆن بووە".
باسنیوز
