13چەكداری داعش لە سنووری داقووق كوژران
لەمبارەوە لویس خزر قایمقامی قەزای داقووق، سەر بە پارێزگای كەركووك، رایگەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە 2/6/2020 لە ئاكامی بۆردومانی فڕۆکەی هاوپەیمانان لە سنووری داقووق، 13 چەكداری تیرۆریستی داعش كوژراون."
گوتیشی: "فەرماندەی ئۆپراسێونەكانی كەركووك لەو هەڵمەتە و ئەنجامە سەرەتاییەكانی ئاگاداری كردینەوە كە ئەو چەكدارە تیرۆریستانە كوژراون."
کوژرانی ئەو چەکدارانە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە پارێزگای كەركووك و پێشتریش یەحیا رەسووڵ گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئاشكرای كردبوو لە ئۆپراسیۆنی ئەمڕۆ سێشەممە لە باشووری رۆژئاوای كەركووك هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان بەشدار دەبن.
باسنیوز
