روونکردنەوە لەبارەی دەرماڵەی فەرمانبەران دەدرێت

روونکردنەوە لەبارەی دەرماڵەی فەرمانبەران دەدرێت
سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ڕوونكردنەوە لەبارەی دەرماڵەی فەرمانبەران دەدات و ڕای دەگەیەنێت: "هەموو فەرمانبەرانی شایستە دڵنیا دەكەینەوە بە هیچ جۆرێك دەرماڵەكانیان نابڕدرێت، بەڵكوو بە جۆرێك دەبێت، دادپەروەری تێدا پەیڕەو دەكرێ".

د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، ڕایگەیاند: "دەرماڵەی فەرمانبەران نابڕدرێت، تەنیا دەرماڵەی ئەو كەسانە دەبڕدرێت كە بە ناشایستەیی و بە ناحەقی بەناوی دەرماڵە پارە وەردەگرن، دەرماڵەی ئەو جۆرە كەسانە دەبڕدرێت، ئەو كەسەی بە یاسا دەرماڵە وەردەگرێت و شایستەیە، ئەوە دەرماڵەكەی بەردەوام دەبێت و هیچ كێشەی نابێت".

گوتیشی: "دەرماڵەكان ڕێك دەخرێنەوە بە جۆرێك دادپەروەری تێدا بێت، بۆ نموونە دەرماڵەی مەترسی بە كەسێك دەدرێت، كە فیعلەن مەترسی لەسەر بێت، نەوەكوو هەرچی هەیە دەرماڵەی ترسناكی پێ بدرێ، پزیشك هەیە مەترسی لەسەرە، ناكرێت كەسانی دیكه‌ و فەرمانبەرانی دیكه‌ هەمان دەرماڵە وەربگرن و مەترسیشیان لەسەر نەبێت".

سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دووپاتی كردەوە، ئەو دەرماڵانەی هەن بەپێی یاسا و ڕێنوێنى دەدرێن، بەڵام لە دابەشكردنیدا ناعەدالەتی هەیە، ده‌شڵێت: "لەسەر بابەتی دەرماڵە زێدەڕۆیی زۆر كراوە، خەڵكێك هەندێك دەرماڵە وەردەگرن، كە لە بنەڕەتدا نابێت ئەو دەرماڵانە وەربگرن، چونكە مافی ئەوان نییە".

عەبدولحەکیم خەسرۆ، راشیگەیاند: "25 جۆر دەرماڵەی جۆراوجۆر بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران خەرج دەكرێت، 56%ی پارەی مووچە بۆ دەرماڵەكان دەڕوات، هەموو فەرمانبەرانی شایستە دڵنیا دەكەینەوە بە هیچ جۆرێك دەرماڵەكانیان نابڕدرێت و دەستكاری ناكرێت".

لە هەرێمی كوردستان 16%ی مووچە بۆ دەرماڵەی جێگیر خەرج دەكرێ، 40%یش بۆ دەرماڵەی ناجێگیر خەرج دەكرێ، لیستی په‌سه‌ندكراوی ده‌رماڵه‌كان 25 جۆره‌ كه‌ چوار جۆریان جێگیره‌ و 21 جۆریان ناجێگیره‌.










باسنیوز


Top