زانیاریی ورد لەبارەی گەیشتنی ٤٠٠ ملیار دینارەکەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرا
کەناڵی (کوردستان ٢٤) لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە کە ئەو ٤٠٠ ملیار دینارەی بڕیاربوو وەزارەتی دارایی عێراق بە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی بدات، تەنیا ٣٨٨ ملیاری گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی، چونکە مانگانە ١٢ ملیار دیناری پارەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بانکی ناوەندییەوە بەو بانکە ئەهلییانە دراوە کە لە کابینەی پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک قەرز پارەیان لێ وەرگیراوە.
هەمان سەرچاوە ئاشکرای کردووە کە حکوومەت پێش جەژنی ڕەمەزان بە مەبەستی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بڕی ١٣٨ ملیۆن دۆلاری لە کۆمەڵێک وەبەرهێنەری ناوخۆیی بە قەرز وەرگرتووە و پێویستە حکوومەت لە ماوەی مانگێکدا بۆیان بگەڕێنێتەوە.
جەختیشی کردووەتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ١٥٠ ملیۆن دۆلاری وەک پارەی فرۆشتنی پێشوەختەی نەوت لە کۆمپانیاکانی نەوت وەرگرتووە و لەگەڵ ئەو داهاتەی لە بەردەستدا هەبووە، پێش جەژن مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابەش کردووە.
باسنيوز
