ئومێد خۆشناو: بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی هەزاران خانەنشینی نایاسایی هەڵدەوەشێنەوە

ئومێد خۆشناو: بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی هەزاران خانەنشینی نایاسایی هەڵدەوەشێنەوە


سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەشێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئاشکرا کرد و رای گەیاند کە بە جێبەجێکردنی یاساکە، مووچەی هەزاران خانەنشینی نایاسایی هەڵدەوەشێتەوە.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، نووسینێکی بە ناونیشانی (کورتەیەک لە خاڵەکانی یاسای چاکسازی) بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، ئەم گۆڕانکارییانە ڕوودەدەن:

- ھەڵوەشاندنەوەی ھەزاران خانەنشینی نایاسایی لە وەزیرەوە بۆ بریکاری وەزارەت و خوارتر.

- رێکخستنەوەی لیستی شەھیدان و کەمئەندامی سەنگەر و زیندانییانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین لەوانەی شایستە نین.

- وەرگرتنەوەی پلە سەربازی و ئیدارییەکان لە ئەوانەی لە دەرەوەی شایستەی خۆیان پلەیان بەرز کراوەتەوە.

- ڕێگریکردن لە دووجار سوودمەندبوون لە مووچە.

- شەش جێگا هه‌بوو فەرمانگەی خانەنشینان بوون و ھۆکارێک بوون بۆ گەندەڵی و لیستی ناڕەوای خانەنشینی، لە یەک فەرمانگەدا کۆدەکرێنەوە.

- پاسەوانی لە کوردستاندا ببوو بە ھۆکارێکی گەورەی گەندەڵی و نادادی، ئەویش رێکخرایه‌وه.

- ھیچ ھێزێکی سەربازی و حزبی یەکەی ژمێریاریی خۆی نامێنێت.

- دروستکردنی سندوقی خانەنشینیی جێگیر کراوه‌.

- ڕێکخستنه‌وه‌ و که‌مکردنه‌وه‌ی مووچه‌ی خانەنشینیی پلە باڵاکان.

- ژمێرە و حیسابی سەرجەم ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان دەکەونە ژێر چاودێریی دیوانی چاودێریی دارایی.

ئومێد خۆشناو ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەوان پشتیوانی لە هەموو هەنگاوێکی چاکسازی دەکەن و ”لە هەر کوێیەکیش گەندەڵی هەبوو، قسەی جددی لەسەر دەکەین“. جەختیشی کردووەتەوە کە ئەو خاڵانەی ئاماژەی پێداوە، ”به‌شێکی که‌می پڕۆژه‌که‌ بوون و کاری گه‌وره‌تریشی به‌دواوه‌یە“.






باسنيوز
Top