به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر زانیارى له‌باره‌ى ئه‌گه‌رى ڕاگه‌یاندنى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ ده‌خاته ڕوو
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 30/5/2020، د. دلۆڤان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر، له‌باره‌ى تووشبوونى چه‌ندین كه‌س له هه‌ولێر و شاره‌كانى دیكه به په‌تاى كۆرۆنا له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ى ڕابردوودا به كه‌ناڵى (كوردستان 24)ى ڕاگه‌یاند: "دوو هۆكار بۆ تووشبوونى خه‌ڵكى به په‌تاى كۆرۆنا هه‌ن، یه‌كه‌میان له هه‌ولێر ئاسانكاریی زۆر بۆ هاووڵاتییان كرا و زۆربه‌ى شوێنه‌كان كراوه‌ن، خه‌ڵكیش ده‌توانن بۆ هه‌موو شوێنێك بچن و پابه‌ندى ڕێنوێنییه‌كانیش نین، به تایبه‌تیش خه‌ڵك ماسك و ده‌ستكێش به‌كار ناهێنن، به‌كارهێنانى ماسك و ده‌ستكێشیش كاریگه‌ریی ته‌شه‌نه‌كردنى ڤایرۆسه‌كه كه‌م ده‌كاته‌وه، هۆكارى دووه‌میش تا ئێستا هاتوچۆ له‌نێوان شاره‌كانى عێراق بۆ هه‌ولێر هه‌یه، ڕاسته ڕێگا داخراوه، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ى پێویستییه‌كى زۆریان هه‌یه كه داخیڵى شار ببن، ئه‌وان دواى وه‌رگرتنى ڕه‌زامه‌ندى له وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌توانن بێنه نێو هه‌ولێر".
گوتیشى: "تا ئێستا نزیكه‌ى 10 كه‌س كه له به‌غداوه گه‌ڕاونه‌ته‌وه هه‌ولێر، ده‌ستنیشان كراون كه تووشى كۆرۆنا بوونه، ئه‌مانه‌ش هه‌موویان هۆكارن بۆ دووباره ده‌ستنیشانكردنه‌وه‌ى تووشبووى نوێى كۆرۆنا".
باسى له‌وه‌ش كرد: "ئێستا ئه‌و تووشبوانه‌ى كۆرۆنا كه دێنه نه‌خۆشخانه، جیاوازییان له‌گه‌َڵ تووشبوانى پێشوو هه‌یه و به نیشانه‌وه دێنه نه‌خۆشخانه".
له‌باره‌ى ئه‌گه‌رى كه‌ره‌نتینكردنى شارۆچكه‌ى عه‌نكاوه، د. دلۆڤان محه‌مه‌د گوتى: "ئێمه بڕیارى كه‌ره‌نتینكردنى عه‌نكاوه‌مان نه‌داوه و بڕیارى داخران بوو، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى تیمه‌كانى ته‌ندروستى به‌شێوه‌یه‌كى ئاسان سه‌ردانى ئه‌و شوێنانه بكه‌ن، كه به‌ركه‌وتوویان تێدایه و سامپڵیان لێ وه‌ربگیرێت، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كى هه‌ڕه‌مه‌كیش سامپڵ له خه‌ڵكى وه‌رگیرا، پاشان پشكنینه‌كان نێگه‌تیڤ ده‌رچوون و بڕیار درا داخرانى شوێنه‌كانیش له عه‌نكاوه هه‌ڵگبیرێت".
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولیر له‌باره‌ى هه‌بوونى حاڵه‌تى كۆرۆنا له كه‌مپى حه‌سه‌ن شام و ئه‌گه‌رى كه‌ره‌نتینكردنى كه‌مپه‌كه ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر پێویست بكات كه‌مپه‌كه كه‌ره‌نتین ده‌كرێ، به‌ڵام بۆ كه‌ره‌نتینكردن چه‌ند خاڵێك هه‌ن كه پشتیان پێ ده‌به‌سترێ، له‌وانه‌ش ژماره‌ى تووشبوانى كۆرۆنا له شوێنه‌كه، یانیش ئه‌و كه‌سه‌ى تووش بووه چه‌ند شوێن گه‌ڕاوه و به‌ركه‌وتنى له‌گه‌ڵ خه‌ڵك زۆر بووه، یان نا، بۆیه ئه‌و شوێنانه‌ى به‌ركه‌وته‌ى زۆرى هه‌بێت و ژماره‌ى تووشبووى زۆر بێت، ئه‌و كاته شوێنه‌كه كه‌ره‌نتین ده‌كرێ، یان داده‌خرێ، به‌ڵام تا ئێستا هیچ له‌و هۆكارانه له كه‌مپه‌كه نییه بۆ كه‌ره‌نتینكردنى".
له‌باره‌ى پێشبینیكردنى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ بۆ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان، ئه‌وه‌شى خسته ڕوو: "له‌وانه‌یه له‌م كاته‌ى ئێستا قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ تۆزێك قورس بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه ئه‌گه‌ر ته‌نیا به لایه‌نى ته‌ندروستى سه‌یرى كاره‌كه بكه‌ین، بۆى هه‌یه پێمان باش بێت قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ بكرێت و خه‌ڵك له ماڵه‌وه بن، به‌ڵام له‌به‌ر بژێوى ژیانى خه‌ڵكى تێدایه و چه‌ند فاكته‌رێكى دیكه‌ش هه‌ن و فه‌رمانگه حكوومییه‌كانیش كراونه‌ته‌وه، خه‌ڵكیش پێویستى به‌وه‌یه هاتوچۆى هه‌بێت و پێداویستییه‌كانى ژیانى دابین بكات، له‌به‌ر ئه‌وه داواكردن و قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ كارێكى قورسه".
د. دلۆڤان محه‌مه‌د ڕوونیشى كرده‌وه: "ئاسانتر له قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ، هاووڵاتییان خۆیان به‌رپرسیاریه‌تییه‌كه هه‌ڵبگرن و پابه‌ندى ڕێنوێنییه‌كان بن به به‌كارهێنانى ماسك".
باسنيوز
