مەسرور بارزانی: هەندێک لایەن هەوڵی بە سیاسیکردنی کۆرۆنا دەدەن
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەندێک لایەن هەوڵی بە سیاسیکردنی پەتای کۆرۆنا دەدەن.
ئەمڕۆ هەینی 20-5-2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، داوای لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کردووە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و ”تەندروستیی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی تریش، لە ژێر کاریگەریی ئەو پرۆپاگەندانە مەخەنە مەترسییەوە“.
هەر لە پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی بە ئاماژەکردن بەوەی ”خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە“، رایگەیاندووە، هەندێک لایەن هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دەدەن و بەمەش ”ژیانی ھاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە“.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و رایگەیاندووە، ”سەلامەتیی ئێوە بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرینگترە“.
دهقی پهیامهكه:
هاونیشتمانیانی بەڕێز،
مەترسیی پەتای کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-19) زۆر جیددیە و لەم ڕۆژانەدا بە هۆی سستیی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان ، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.
ئێمە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەدا، داوامان لە هاووڵاتییانی خۆشەویست کرد، کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و سوپاسیشتان دەکەم، کە پابەند بوون و بە شێوەیەکی زۆر باش ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گیرا و ئەم سەرکەوتنە بووە جێگەی باس و سەرنجی زۆر وڵات و رێکخراوی نێوەدەوڵەتی.
بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم پابەندبوونە سستیی تێکەوتووە، هەندێ لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتیان داوە و ویستوویانە رێنماییە تەندروستییەکان بێ نرخ و بێ سوود پێشان بدەن و بەداخەوە ژیانی ھاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە. ئێستا ئەوانەی کە دژ بە ڕێنماییەکانی تەندروستی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هان دەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی خستنە مەترسیی گیان و تەندروستیی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ و کۆتایی بە یاری کردن بە ژیانی خەڵک بێنن.
من جارێکی دیکە داوا لە هەموو خوشک و برا هاونیشتمانیەکانم دەکەم پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن و تەندروستیی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی تریش، لە ژێر کاریگەریی ئەو پرۆپاگەندانە مەخەنە مەترسییەوە.
سەلامەتیی ئێوە بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرینگترە.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
2020/5/29
باسنیوز
