ته‌ندروستیی سلێمانى: شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا قورستر و خێراتر لەناو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە

ته‌ندروستیی سلێمانى: شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا قورستر و خێراتر لەناو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە
جێگری بەڕێوه‌بەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، ئەگەر ھاووڵاتییان خۆپارێزی نەکەن، ناتوانین دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەین و ئەو کاتە کارەساتی گەورە ڕوو دەدات.

د. ھێرش سەلیم، جێگری بەڕێوه‌بەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند: "تووشبوونی ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان بە کۆرۆنا له‌ سلێمانی و لە ماوەیه‌كى کەمدا، مانای ئەوەیە کە حاڵەتەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکه‌ن، چونکە ئێستا لەچاو جاری پێشوو ڕێژەی تووشبوون زۆر زیادی کردووە، ئەوەش مانای ئەوەیە دۆخەکە لەمەترسیدایە و ئەگەر ھاووڵاتییان خۆپارێزی نەکەن، ناتوانین دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەین و ئەو کاتە کارەساتی گەورە ڕوو دەدات".

گوتیشی: "شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا قورستر و خێراتر لەناو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە، چونکە ئەمجارە ڤایرۆسەکە لەناوخۆدا بڵاو بووەتەوە، ئەوەش کێشەکە بۆ ئێمە قورستر دەکات، چونکە ناتوانین ھاوشێوەی گەڕی یەکەمی ڤایرۆسەکە، ڕێگری لە تەشەنەکردنی كۆرۆنا بکەین، لەبەر ئەوەی ناتوانین قەدەغەی ھاتوچۆ ڕابگەیەنین و جارێکی دیکە لەپێناو پاراستنی ھاووڵاتییان ڕێکاری توندتر بگرینە بەر، یان شاری سلێمانی کەرەنتین بکەینەوە".

د. ھێرش سەلیم باسی لەوەش کرد: "ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی زەنگی مەترسیی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەی لە عێراقدا لێداوە، بێگومان ئەوەش بۆ ئێمە مەترسییەکی گەورەیە و ئەگەر ھاووڵاتییان خۆیان نەپارێزن، ئێمە ناتوانین ئەو ھەموو خەڵکە بپارێزین، چونکە تاکپارێزی و ھۆشیاریی تەندروستی، پەیوەندی بە خودی ھاووڵاتییانەوەیە".












باسنیوز


Top