ئاراس حه‌سۆ میرخان: پێویستە حزبەکان دەرفەت بدەن تیمەکانیان لە حکوومەت کارەکانیان بکەن
ئاراس حه‌سۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی راگەیاند، کاتی ئەوەیە هەموو لایەنەکانی بەشدار لە حکوومەت، بوار بدەن کابینەی نۆیەم کارەکانی خۆی بکات و پلانەکانی جێبەجێ بکات، هەروەها ”حزبەکانیش ڕێگە بدەن تیمەکانیان لە حکوومەت کاری خۆیان بکەن و دەستێوەردان لە کاروباری حکوومەتدا نەکەن و لەمپەر لەسەر جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەی کاری حکوومەت دروست نەکەن“.
دووپاتیشی کردەوە کە دەبێت حزبەکان پلانەکانی خۆیان وەک حزب لە دەرەوەی حکوومەت جێبەجێ بکەن و ململانێ جۆراوجۆرەکانیشیان بۆ نێو حکوومەت نەگوازنەوە.
پێشتریش مه‌ولوود باوه‌موراد، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان راگەیاندبوو: "هێزه سیاسییه‌كان ده‌توانن له ڕێگەی به‌شدارییان له حكوومه‌تدا، هاوكار بن له پرۆژه‌ی چاكسازی، هەروەەها به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست بۆ داموده‌زگای حكوومه‌ت ببەین، ده‌بێت ده‌ست بۆ داموده‌زگای حزبی ببەین، له‌م لاشه‌وه هاوار ده‌كه‌ین كه حزب هه‌موو شتی كۆنترۆڵ كردووه، بۆیه چاكسازی پێویستی به هاوكاریی حزبه‌كانه، بەڵام له رێگای ئۆرگانی حكوومه‌ته‌وه، له رێگای داموده‌زگای حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و رێكخراوهكانەوە نه‌ك هێزی سیاسی، وه‌ك خۆیان بریار له چاره‌نووسی حزب و ده‌وڵه‌ت بده‌ن". هەروەها رایگه‌یاند كە ئەركی سێ هێزه سهرهكییهكهیە پشتیوانی حكوومه‌ت بن، وه‌ك هێزی پێكهێنه‌ری حكوومه‌ت، پشتیوانی له چاكسازی بكه‌ن. سەركردەكەی یەكگرتوو ئەوەشی راگەیاند كە ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا به‌رۆكی حكوومه‌تی گرتووه جیهانییه، ره‌نگه چه‌ند مانگێكی دیكه تێپەڕێندرێت، ئه‌وه‌ی گرنگه حكوومه‌ت و هاووڵاتی متمانه‌یان هه‌بێت و خه‌ڵكیش ئارام دەگرێ له‌سه‌ر چاكسازیی حكوومه‌ت، ئارامیش نەگرن ئەوا بۆ هه‌موومان خراپه، ده‌بێت ئه‌و ده‌رفه‌ته بدرێت به حكوومه‌ت. مه‌ولود باوه‌موراد داوای کرد حزبەکان دەستێوەردان لە کاری حکوومەت نەکەن و ململانێی خۆیان نه‌هێننه ناو حكوومه‌ته‌وه، كاری حكوومه‌ت رێكخستنه‌وه‌ی ئیداره‌ی گشتییه، حزب ئه‌م پێناسه‌ی نییه.
باس‌نیوز
