له‌ سلێمانى پێنج چه‌كدارى په‌كه‌كه‌ به‌هۆى بۆردومانى فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كانى توركیا گیانیان له‌ده‌ست دا

له‌ سلێمانى پێنج چه‌كدارى په‌كه‌كه‌ به‌هۆى بۆردومانى فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كانى توركیا گیانیان له‌ده‌ست دا
فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كانى توركیا له ‌گوندى سه‌فره‌ى ناوچه‌ى (ماوه‌ت)ى سه‌ر به‌ پارێزگاى سلێمانى، ئۆتۆمبێلێكى په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌ ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ پێنج چه‌كدارى په‌كه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ست دا.

كامه‌ران حه‌سه‌ن، قایمقامى شارۆچكه‌ى ماوه‌ت ڕايگه‌یاند: "شه‌وى ڕابردوو 26/5/2020، له‌لایه‌ن فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌‌كانى توركیاوه‌، ئۆتۆمبێلێكى په‌كه‌كه‌ له‌ناو گوندى سه‌فره‌ بۆردومان كرا، به‌م هۆیه‌وه‌ پێنج چه‌كدارى په‌كه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ست دا".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد: "بۆردومانه‌كه‌ى فڕۆكه‌كانى توركیا دوو مووشه‌ك بووه‌، مووشه‌كێك به‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌ى په‌كه‌كه‌ كه‌وتووه‌ و مووشه‌كێكى دیكه‌ به‌ر نه‌خۆشخانه‌یه‌كى گوندى سه‌فره‌ كه‌وتووه‌".

جگه ‌له‌وه‌ى له‌ بۆردومانه‌كه‌دا پێنج چه‌كدارى په‌كه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ست دا، به‌هۆى بۆردوومانه‌كه‌وه‌ زیانى داریی زۆر به‌ر چه‌ند ماڵێكى گونده‌كه‌ كه‌وتووه‌ و چه‌ند ماڵێكیش پارچه‌ى بۆدوومانه‌كه‌یان به‌ركه‌وتووه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27/5/2020، وه‌زاره‌تى به‌رگریى توركیا ڕای گه‌یاند: "فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كانى توركیا له‌ ناوچه‌ى ئاسۆسی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ى ماوه‌ت، پێنج چه‌كدارى په‌كه‌كه‌یان كردووه‌ته‌ ئامانج".













باسنيوز




Top