سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی: په‌رله‌مان پشتیوانیی هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت بۆ چاكسازى ده‌كات
ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانى كوردستان ڕايگه‌یاند: "كاتێك یاسای چاكسازیمان له په‌رله‌مان په‌سه‌ند كرد، ئه‌و یاسایه له خولی ڕابردووی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت پێشكه‌ش كرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئاسته‌نگ هاته پێش و ئه‌مجاره به وره و ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه ڕووبه‌ڕووی بووینه‌وه و توانیومان له په‌رله‌مان په‌سه‌ندی بكه‌ین و سه‌ركه‌وتوو بین، ئێستاش په‌رله‌مان پشتیوانیی هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت بۆ چاكسازى ده‌كات".
گوتیشى: "ئێمه وه‌ك لیستی براوه و زۆرینه هه‌وڵمان دا به‌زوویی یاساى چاكسازى بچێته واری جێبه‌جێكردنه‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێك گفتوگۆمان كردبێت، یه‌كێك له ئهولهویهتهكانمان ئه‌وه بووه كه ئه‌م یاساییه تێبپه‌ڕێندرێت، له‌كاتی هاتنه‌پێشه‌وه‌ی یاساكه‌ش گرفت دروست كرا و له‌مپه‌ری قورس هه‌بوون، به‌ڵام نه‌یانتوانى سه‌ركه‌وتوو بن، ئێستاش ده‌ست به نه‌خشه‌ی به‌رنامه‌ی یاساكه كراوه و وه‌زاره‌ته‌كان ڕاسپێردراون و جیا كراونه‌ته‌وه، هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌ك ناتوانێت زاڵ بێت به‌سه‌ر یاساكه‌دا و وه‌ك په‌رله‌مان چاوه‌روانین سێ مانگ جارێك حكوومه‌ت ڕاپۆرتی خۆی له‌و باره‌وه پێشكه‌شی په‌رله‌مان بكات، ئه‌گه‌ر هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان ببنه ڕێگر له‌به‌رده‌م یاساكه، ده‌بێت به‌ڕوونی ئاماژه‌ی پێ بدرێت، پێمان وایه هیچ هێز و لایه‌نێك بۆی نییه ببێته ڕێگر له‌به‌رده‌م یاساكه".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانى كوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: "خه‌ڵك له‌و قسانه تێر بووه حزبێك هه‌ر ڕۆژه و له به‌یت و بالۆره‌یه‌ك بخوێنێت، به‌لای ئێمه‌وه وه‌ك فراكسیۆنی پارتی یه‌ك بان و یه‌ك هه‌وایه، له ڕابردوودا كه به‌لێشاو خه‌ڵك دامه‌زراوه و له به‌غداش ئاوا بووه، سه‌رۆكی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌یه‌وێت بندیوار نه‌مێنێت، ئه‌گه‌ر یاساكه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت، به‌هیچ جۆرێك بنیوار نامێنێت و ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان، به‌مه‌ش پله سه‌ربازییه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بێت و ده‌سكه‌وتی گه‌وره به‌ده‌ست دێت".
ئومێد خۆشناو نه‌یشارده‌وه كه وه‌ك فراكسیۆنی پارتی پشتیوانی له حكوومه‌ت ده‌كه‌ن و ده‌ڵێت: "ده‌بێت یاساكه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت و چاوپۆشی نه‌كرێت، ئه‌م یاسایه‌ش كۆتایی چاكسازی نییه، ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه".
ڕاشى گه‌یاند: "كاتێك سه‌رۆكی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌دوێت كه‌سانێك له‌دژی ڕاست ده‌بنه‌وه و ده‌ڵێن حكوومه‌ت قه‌رزار نییه، ئه‌و كه‌سانه كاتی خۆی تانه‌یان له حكوومه‌ت ده‌دا و ده‌یانگوت حكوومه‌ت قه‌رزاره و ئه‌مه‌ی كراوه كاره‌ساته، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه گرفتی كه‌ڵه‌كه بووه، حه‌وت ساڵه به‌غدا سزای هه‌رێمى كوردستانی داوه و ده‌ستوور و یاسا پێشێل ده‌كرێت، بوودجه‌ی هه‌رێمى كوردستان بڕاوه و ده‌نگی زوڵاڵ لێره زۆر شین ده‌كات بۆ بودجه، فه‌رموون به‌رۆكی به‌غداش بگرن و پێیان بڵێن بودجه بنێرن".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانى كوردستان باسى له‌وه‌ش كرد: "ئه‌وانه‌ی بودجه‌ی كوردستانیان بڕی هیچ جیاوازییان نییه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالیان كرد، به‌داخه‌وه به‌غدا چه‌ند ساڵه سزای سیاسیی هه‌رێمى كوردستان ده‌دات، بۆیه به‌شێك له به‌رپرسیاریه‌تییه‌كه ده‌بێت خۆمان ده‌ست پێبكه‌ین، هه‌روه‌ها ده‌بێت وه‌ك په‌رله‌مان هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بین له‌گه‌ڵ واقعی هه‌رێمى كوردستان".
ئومێد خۆشناو ڕوونیشى كرده‌وه كه بڕیاره كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌ست پێبكاته‌وه، گوتیشى: "هیوادارین واز له بوغز بوون بهێنن و ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات هاوكار بن بۆ تێپه‌ڕاندنی چاكسازی و قۆناغه‌كانی چاودێریی جێبه‌جێكردنی یاساكه، وه‌ك پارتی له به‌رپرسیاریه‌تی ڕاناكه‌ین و باوه‌ڕمان به‌و میتۆده هه‌یه، به‌رپرسیاریه‌تیی گه‌وره، ئه‌ركی گه‌وره‌ش له‌سه‌ر شانیه‌تی".
باسنيوز
