له‌ هه‌ولێر دوو كه‌س به‌هۆى ڕووداوێكى هاتوچۆ بریندار بوون

له‌ هه‌ولێر دوو كه‌س به‌هۆى ڕووداوێكى هاتوچۆ بریندار بوون
گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆى هه‌ولێر ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، له‌سه‌ر ڕێگای سه‌ره‌كیی هه‌ولێر - كه‌سنه‌زان، دوو كه‌س به‌هۆى ڕووداوێكى هاتوچۆوه‌ بریندار بوون.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27/5/2020، فازڵ حاجى، گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆى هه‌ولێر، چه‌ند وێنه‌یه‌كى له‌ پێگه‌ى تایبه‌تیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌: "كاتژمێر 8ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، لەسەر ڕێگای سەرەکیی هەولێر - کەسنەزان، پیکاب ناڤارایەک پێچی کردەوە و هاتە ناو شەقامی سەرەکی بێ ئەوەی ڕەچاوی مافی پێشینەی شەقامی سەرەکی بدات، لەو کاتەش فۆرد مۆسته‌نگێکی تایبەت کە بەخێراییەکی زۆر دەهات، خۆی پێدا کێشا".

باسى له‌وه‌ش كردووه‌: "له‌ ئه‌نجامى ڕووداوه‌كه‌دا، شۆفێری هەردوو ئۆتۆمبێل بریندار بوون، کە برینى شوفێری مۆسته‌نگەکە سەختە، هەروەها ڕووداوه‌كه‌ زیانێکی زۆری داراییشى به‌دواى خۆیدا هێناوه".

گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆى هه‌ولێر ده‌شڵێت: "ئەگەر ئاگاداربوونى خوای گەورە نەبوایە، ئەگەرى هەبوو بەنزینخانەکەش ئاگری بگرتبا، چونکە فۆرد مۆسته‌نگەکە به‌هۆى ڕووداوه‌كه‌وه‌ كه‌وته‌ نێو به‌نزینخانه‌كه‌، لە لێکۆڵینەوەكانیشدا شوفێری ناڤارا بە لایەنی کەمتەرخەم دانرا، چونکە مافی پێشینەی شەقامی سەرەکی نەدابوو، کە ئەمە یەکێکە لە بنەماکانی لێخوڕینی سەلامەت".













باسنيوز



Top