گوندێکی مێرگەسوور کەرەنتین کرا

 گوندێکی مێرگەسوور کەرەنتین کرا
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای دەستنیشانکردنی تووشبوویەکی کۆرۆنا و سەردانیکردنی تووشبووەکە بۆ گوندی هۆستانی سەر بە قەزای مێرگەسوور، گوندەکە کەرەنتین کراوە.

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ "دوابەدوای دەستنیشانکردنی تووشبوویەكی دوێنێ بە نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 کە دانیشتووی شاری هەولێرە، بەهۆی سەردانی ناوبراو بۆ گوندی ھۆستان سەر بە قەزای مێرگەسوور، لەپێناو سەلامەتیی هاووڵاتییان و دۆزینەوەی بەرکەوتووان، بڕیاردرا بە کەرەنتینکردنی گوندی هۆستان بەمەبەستی وەرگرتنی ژمارەیەک نموونەی پشکنین و رێکارەکانی خۆپارێزیی تەندروستی".

وەزارەتی تەندروستی دەشڵێ "هیوادارین هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی و خۆپارێزی بن لەپێناو رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19".

تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 505 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 403 کەسیان چاکبوونەتەوە و پێنج کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە.



رووداو
Top