دەستەی گەشتوگوزار: مەزەندە دەكرێت دوای جەژن جووڵەی گەشتیاری دەست پێ بكاتەوە
نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ڕايگەیاند: "دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە هەوڵەكانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەك بۆ ئەوەی كەرتی گەشتیاری لەو دۆخە چەقبەستووییەی تێی كەوتووە دەرباز بكات و هیچ نەبێت بتوانرێت خەڵكی هەر پارێزگایەك بتوانن سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگاكەیان بكەن بەڕەچاوكردنی لایەنی تەندروستی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا".
گوتیشی: "مەترسیی ڤایرۆسی كۆرۆنا چەندە زۆرە، بەهەمان شێوە ڕووخانی كەرتی گەشتیاری كە سێكتەرێكی بەهێزی ئابووریە مەترسییەكی گەورەیە، بۆیە دەبێت كارێك بكرێت باڵانس لە نێوان هەردوو مەترسییەكەدا ڕابگیرێت، دوا بڕیاریش بۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێم دەگەڕێتەوە".
ڕوونیشی كردەوە: "دوو جەژنە هەرێمی كوردستان بێ گەشتیارە، دەستەی گەشتوگوزار ئامادەكاریی كردووە بۆ هێنانی گەشتیاری ناوخۆی عێراق بەژمارەیەك زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو".
جەختیشی كردەوە: "دەستەی گەشتوگوزار لە هەوڵەكانی بۆ ئاساییكردنەوەی جووڵەی گەشتیاری بەردەوام دەبێت و ئەگەر مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاد نەكات، مەزەندە دەكرێت لە پاش ڕۆژانی جەژن جوڵەی گەشتیاری دەست پێ بكاتەوە".
باسنيوز
