لەبارەی دانەوەی پێشینەی خانوبەرە و هاوسەرگیری و قەرزی بچووک ڕوونکردنەوە دەدریت

لەبارەی دانەوەی پێشینەی خانوبەرە و هاوسەرگیری و قەرزی بچووک ڕوونکردنەوە دەدریت
به‌ڕێوه‌به‌ری بانكێكی خانوبەرە لەبارەی بڕیارێك و دەركردنی رێنمایی بۆ دانەوەی پێشینەی خانوبەرە، هاوسەرگیری و قەرزی بچووک لەلالەین هاووڵاتیانەوە روونكردنەوە دەدات.

بەپێی یەكێك لە بڕیارەكانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، كە رۆژی 5ی 5ی 2020 بەڕێوە چوو، تێیدا بڕیار درا "ڕێژەیەک داشکان دەکرێ لەو پێشینانەی حکوومەت کە لەلای هاووڵاتییانە لە (پێشینەی خانوبەرە و پێشینەی هاوسەرگیری و قەرزی بچووک) بە مەرجێک هاووڵاتیان ئامادە بن تا ڕۆژی 15ی حوزەیرانی 2020 تەواوی بڕی پێشینەکان بگەڕێننەوە بۆ حکوومەت".

عەجیب محەمەد، بەڕێوەبەری بانكی خانوبەرەی هەولێر ڕایگەیاند: "لە بڕیارەكانی چاكسازیی حكوومەتی هەرێمی کوردستاندا باسی رێژەیەك كراوە لە داشكانی گەڕاندنەوەی پێشینەكان، بەڵام ئێمە چاوەڕوانی دەركردنی رێنمایین لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بابەتە".

جەختی كردەوە تا ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی 5ی2020 هیچ رێنماییەك لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ ئەو بابەتە دەرنەكراوە، هەرکات رێنمایی دەرچوو، ئەوە بۆ ئێمە دێت و ئێمەش خەڵكی لێ ئاگادار دەكەینەوە".

ئەو بەرپرسەی بانكی خانووبەرە بڕیارەكە بە بڕیارێكی باش دەزانێت و گوتیشی: "بڕیارێكی باشە، هەر رێژەیەك داشكان بكرێت بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكە بۆ نموونە یەكێك 3 ملیۆنی لایە بە یەكجار بیگەڕێنێتەوە، رێژەیەكی لێخۆشبوونی بۆ بكرێت ئەوە ئێمە جێبەجێی دەكەین و حەزیش دەكەین رێنماییەكی لەم جۆرە دەربكرێت".

بەپێی ئاماری وەزارەتی دارایی، لە سەرەتای دابەشكردنی پێشینەكانەوە 31/12/2013 بڕی 4 تریلیۆن و 171 ملیار دینار بۆ پێشینەكان خەرج كراوە و زیاتر لە 620 هەزار كەسیش سوودمەندن بوونە.

عەجیب محەمەد، ئاماژەی بەوەش دا: "نووسراومان بۆ هاتووە كەوا مەسەلەی رسوومات و باج و سزای دواخستنی گەڕاندنەوەی پێشینەكان لێخۆشبوونی بۆ ناكرێت، چونكە ئەوە بەیاسا دەكرێت، تا یاسای نوێ دەرنەكرێت دەستكاری ناكرێت".










باسنیوز



Top