دیندار زێباری: لە خۆپیشاندانەکەی دهۆک کەسانێک مامۆستاش نەبوون دەیانویست دۆخەکە بە ئاقارێکیتردا ببەن

دیندار زێباری: لە خۆپیشاندانەکەی دهۆک کەسانێک مامۆستاش نەبوون دەیانویست دۆخەکە بە ئاقارێکیتردا ببەن
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، خۆپیشاندەرانی دهۆک لەبەر سەرپێچیکردن لە فەرمان و رێنماییەکانی تایبەت بە رێکارەکانی کۆرۆنا دەستگیر کران و لەناو خۆپیشاندەراندا کەسانێک هەبوون مامۆستا نەبوون بەتەما بوون خۆپیشاندانەکە بەرەو ئاقارێکی دیکە بەرن.

رۆژی شەممە رێکەوتی 16/5/2020 چەند کەسێک لە شاری دهۆک بەناوی مامۆستایانی ئەو شارە بێ ئەوەی مۆڵەتی لایەنە ئەمنی و ئیدارییەکان وەربگرن، گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان کە بەهۆی قەیرانی ئابووری و نەناردنی مووچە و بودجەی هەرێم لەلایەن حکوومەتی بەغداوە دوا کەوتووە.

لەمبارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاندووە: "لە هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان و گردبوونەوەی هاووڵاتیان بە یاسای (یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان) ژمارە (11)ی ساڵی ٢٠١٠ رێک خراوە و بەپێی ئەم یاسایە هەر تاکێکی کۆمەڵگە بۆی هەیە کە گوزارشت لە رای خۆی و پیشاندانی خواستە رەواکانی خۆی بکات، بە شێوەیەکی ئاشتیانە و مەدەنییانە و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتییەکان و دوور لە ئاژاوەگێڕی و تێکدان، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لانیکەم بەرلە ئەنجامدانی بە ماوەی (٤٨) کاتژمێر داواکارییەک پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار بکرێت.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی رێگانەدان بە ئەنجامدانی ئەم خۆپیشاندانە و وتی: "لەو خۆپیشاندانەی کە رۆژی 16/5/2020ی پارکی ئازادی لە شاری دهۆک ئەنجام درا، سه‌ره‌تا چەند کەسێک داوای مۆڵەتیان کردبوو بەناوی مامۆستایان بۆ داواکردنی مووچەکانیان، به‌ڵام داواكه‌یان ره‌ت كرابوویه‌وه‌، چونکە بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی ناکرێت هیچ گردبوونەوە ئەنجام بدرێت، چونکە هێشتا مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوە، لەسەر ئەو بنەمایەش کارگێڕی پارێزگای دهۆک رەزامەندیی لەسەر ئەوە نەدا تا خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت و نووسراوی فەرمی بۆ هەموو دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ناردووە، بەڵام وەک ته‌حه‌ددایه‌ك بۆ بڕیارەکان مکووڕبوون لەسەر ئەنجامدانی ئەم خۆپیشاندانە، بێگوێدانە مەترسییەکانی گردبوونەوە بۆیە دەزگا ئەمنییەکان ناچار بوون بەپێی ماددەی (٢٤٠)ی یاسای سزادانی عێراق ژمارە (١١١) ی ساڵی (١٩٦٩) مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و کارەکەیان سەرپێچییە نەک تاوان، بەپێی ئەم ماددەیە هەر کەسێک سەرپێچی لە فەرمان و رێنماییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات، دەستگیر دەکرێت.

دیندار زێباری، ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەو کەسانەی بەشداریی گردبوونەوەکەیان کردبوو، 10%یشیان مامۆستا نەبوون و ده‌یانویست خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی دیكەدا‌ به‌رن. هەروەها لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا لە ئەنجامی رێکارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین کەس دەستگیر کراون کە کۆبوونەوە و گردبوونەوەیان پێچەوانەی رێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام دابوو و بەپێی یاسا سزا دراون".

لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکەدا بەشدار بوون، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتیشی: "سەرەڕای نەبوونی مۆڵەت و نایاساییبوونی خۆپیشاندانەکە و پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، هەروەها دەزگا ئەمنییەکان هەوڵی زۆریان لەگەڵ خۆپیشاندەران دا کە پێویستە بڵاوەی پێ بکەن، بەڵام لە بەرامبەردا رەفتاری نەشیاویان ئەنجام دا و بەردیان لە پۆلیسەکان گرت و کاردانەوەی خراپیان بەرامبەریان هەبوو، بۆیە ژمارەیەکیان بۆ ماوەیەکی کورت راگیران بۆ ئەوەی بڵاوەیان پێ بکرێت کە ژمارەیان نزیکەی (٥٠ تا ٦٠) دەبوون، تەنیا (١٩) کەسیان نەبێت بەپێی بڕیاری دادگا دەستبەسەر کران، دواتر ئەوانیش بە کەفالەت ئازاد کران".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان کرد لە رووداەکانی دهۆک و لەم بارەوە گوتی: "سێ رۆژنامەنووس لە کاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکان ئامادە بوون، بەڵام مەبەستیان رووماڵکردنی رووداوەکان نەبوو، بەڵکوو بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە و هانی خەڵکیان داوە بۆ خۆپیشاندان. دوای دەستگیرکردنیان هیچ کەرەستەی رۆژنامەنووسی و ناسنامەی رۆژنامەنووسیشیان نەبووە، بەڵام لەمیانەی لێکۆڵینەوەکاندا تەنیا یەک ڕۆژنامەنووس خۆی ناساندووە راستەوخۆ ئازاد کراوە".









باسنيوز



Top