لێژنەی دارایی له‌ په‌رله‌مانى عێراق: لێکتێگیشتن لە نێوان وەفدی هەولێر و بەغدا دروست بووە

لێژنەی دارایی له‌ په‌رله‌مانى عێراق: لێکتێگیشتن لە نێوان وەفدی هەولێر و بەغدا دروست بووە
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات گفتوگۆکانی وەفدی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا ئیجابی بووە و لێکگەیشتن دروست بووە.

د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "دوای چەند کۆبوونەوەیەک لێکتێگەیشتنێک لە نێوانی وەفدی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دروست بووە، هەوڵی ئەوە دەدرێت هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەیەک پاکێج چارەسەر بکرێن، گفتوگۆکان ئیجابی و باش بوونە بۆیەش بەردەوامی پێ دراوە".

ئاماژەی بەوەش دا، لێژنە دارایی و یاسایی و سیاسییەکانی هەردوولا لەسەر چەند ڕاسپاردەیەک ڕێک دەکەون و دەدرێتە مستەفا کازمی، سەرۆکی تازەی حکوومەتى عێراق، لەسەر ئەو ڕاسپاردانە و چارەسەریانە، مستەفا کازمی بۆچوون و ڕەزامەندی لەسەر دەدا.

د. ئەحمەد سەفار جەختی له‌وه‌ش کرد: "بابه‌تى مووچە، بودجە، نەوت، وزە، گومركەکان، یارمەتیدانی دانەوەی قەرزەکانی هەرێمى كوردستان و چەند پرسێکی دیكه‌ لە نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر دەکرێن،، هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی بەم نزیکانە مووچەی مانگی 4ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە پێشووتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگرتبوو، بنێردرێ، مستەفا کازمی بەڵێنیداوە شەو و ڕۆژ کار بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە نێوانیاندا کێشەکانی هەولێر و بەغدا".












باسنیوز



Top