به‌رپرسێكی سۆسیالیست: قسەی ئاڵا تاڵه‌بانی بە قسەی کورد دانانرێت

به‌رپرسێكی سۆسیالیست: قسەی ئاڵا تاڵه‌بانی بە قسەی کورد دانانرێت
به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، قسەکانی ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە قسەی کورد دانانرێت.

ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی کە هاوکات ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، لە نووسینێکدا وەک هەمیشە پشتگیریی ئەو عێراقەی کردووە کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر سروودی مەوتینی بۆ دەگوتەوە و ئۆباڵی راگرتنی مووچەی خستووەتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان.

لە بەرامبەردا ره‌سووڵ ره‌ئووف، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكی ، رایگەیاند: ”به‌غدا به‌دوای ده‌رفه‌تێكدا ده‌گەڕێت كه‌ هه‌رێمی کوردستان بكاته‌ ناوه‌ندی قه‌یران“.

ڕوونیشی کردەوە کە لەو کاتەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەوپەڕی بەهێزیی خۆیدابوو و زۆربەی شارەکانی عێراقی گرت و هێرشی دەکردە سەر هەرێمی کوردستان، بەغدا بوددەی کوردستانی بڕی. ئێستاش کە پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا بڵاو بووەتەوە، ”بەغدا بە دەرفەتی دەبینێت و مووچەی خەڵکی کوردستانی راگرتووە“.

باسیشی لەوە کرد کە ئاڵا تاڵەبانی هەر لێدوانێک بدات و قسەیەک بکات، ”لە چوارچێوەی دەنگی کورد نییە، چونکە ئەو لەسەر لیستی عەرەبی بووەتە پەرلەمانتار و هەر قسەیەکیش بکات بە ئاسایی دەبیندرێت“.

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی سۆسیالیست نەیشاردەوە کە خەڵکی شارەکەی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە زۆر بێزار بوون و بەغدا وەک پارێزگایەکی عەرەبیی عێراقی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.










باسنیوز



Top