وەزیری پلاندانان: کوردستان ئامادەیە هەموو نەوتەکەی رادەست بکات و بەغداش بودجەی تەواو بنێرێ
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٠، لە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا رای گەیاند: ”لە ١٦ی نیسان بڕیارێک لە دژی بودجەی کوردستان لە لایەن ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەرچوو، لە ١٩ی مانگ چووینە بەغدا و دوای چەندین کۆبوونەوەی گرنگ و هەستیار، توانیمان بگەینە رێگەیەک کە لە ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە یاداشتێک بۆ سەرۆک وەزیران بەرز بکرێتەوە، رۆژی پێنجشەممە نووسراوەکە گەیشتووەتە سەرۆک وەزیران و ئومێدمان وایە لەم نزیکانە بە ئیجابی وەڵامەکەی وەربگرینەوە“.
ڕوونیشی کردەوە: ”ئێمە تەنیا لەسەر بودجە قسەمان نەکرد، لەبارەی وزە و کارەبا قسەمان کرد، ڕێککەوتنین کە هەردوولا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکەین و لە گومرگ و خاڵە سنوورییەکان پێش بکەوین، ئەوانەی پەیوەندیدارن بە بابەتی مووچە، سەرۆک وەزیران، دوو جێگرەکەی، سەرۆک کۆمار ئەمیندارێتیی گشتی، وەزیری کارەبا و سەرچاوەکانی ئاو، هەموویانمان بینیوە، هیوادارین بەم نزیکانە کێشەی بودجە چارەسەر ببێت“.
لە لایەن خۆیەوە دارا رەشید، وەزیری پلاندانان لە پرێس کۆنفرانسەکەدا رای گەیاند: ”چاوەڕێی ئەنجامی ئەو راپۆرتەین کە بۆ سەرۆک وەزیران بەرز کراوەتەوە، هەوڵەکان بەردەوامن، دەمانەوێ بگەینە چارەسەرێکی کۆتایی لەگەڵ بەغدا، لە مانگی ١٢ی ٢٠١٩ لە ڕێککەوتنماندا لەگەڵ بەغدا کە جێگیرمان کردووە، ئامادەیی هەرێمی کوردستانمان دەربڕیوە کە هەموو نەوتەکە رادەست بکەین و ئەوانیش مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی بنێرن“.
باسنيوز
