وەزیری تەندروستی: داوا لە هاوڵاتیان دەكەین لە مانگی رەمەزاندا پابەندی رێنماییە تەندروستیەكان بن
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردەوە رایگەیاند،"بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی هەمو موسوڵمانانی جیهان و عێراق و كوردستان بەگشتی و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی دامودەزگا تەندروستیەکان بە تایبەتی دەكەین، لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز مایەی ڕەحمەت و خێر و بەرەكەت و دورکەوتنەوەی نەخۆشی و ئازار و مەینەتیەکانی مرۆڤایەتی بێت و خوای گەورە ڕۆژو و نزای خێری هەمو لایەک قەبوڵ بکات."
داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویستیش دەکەین پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی بن
وەزیری تەندروستی رایگەیاندوە،"لێرەوە جارێکی تر دەستخۆشی و ڕێز و سوپاسمان بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەردەبڕین بەگشتی و بۆ مانەوە و شەونخونی و خزمەتکردنیان بەتایبەتی لە بەرەنگاربونەوەی ئەم پەتایەی کە جیهانی شێواندوە، داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویستیش دەکەین پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی بن، هەروەها سوپاس و ستایشی ڕۆڵی مامۆستایان و زانایانی ئاینی خۆشەویست دەکەین بۆ هاوکاریان و ڕۆڵیان لە ئاڕاستەکردنی هاوڵاتیان بۆ ئامۆژگاریەکانی تەندروستی"
دەشڵێت،"هیوادارین بە پشتگیری و پاڵپشتی هەمو لایەکمان تەواوی هەرێمی کوردستان بپارێزین لە بڵاوبونەوە و تەشەنەکردنی نەخۆشی کۆڕۆنای نوێ COVID-19، دوبارە مانگی ڕەمەزان لە هەموان پیرۆز بێت و هەر ساغ و سەلامەت بن."
خەندان
