مەسروور بارزانی سوپاسی دەزگاکانی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان دەکات

مەسروور بارزانی سوپاسی دەزگاکانی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان دەکات
بەبۆنەی یادی 122 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی و ساڵڕۆژی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە رۆژنامەڤانان دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت.

لە پەیامەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "لەم دەرفەتەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی دەزگاکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان بکەم کە لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوکردنەوەی رێنماییە تەندروستییەکان رۆڵێکی گرنگیان هەبوو".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "رێز و پێزانین بۆ رووناکبیران، پێشەنگانی رۆژنامەگەریی کوردستان و ئەو رۆژنامەنووسانەی لە پێناو گەیاندنی دۆزی رەوای گەلی کوردستاندا خزمەتیان کرد و گیانی خۆیان بەخت کرد"، دەنێرێت.

دەقی پەیامی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

*پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و ساڵڕۆژی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان* .

بەبۆنەی (122) مین ساڵرۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی ( کوردستان ) ، گەرمترین پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی کوردستان دەکەم. هەروەها (22) مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

لەم دەرفەتەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی دەزگاکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان بکەم کە لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوکردنەوەی رێنماییە تەندروستییەکان رۆڵێکی گرنگیان هەبوو.

رێز و پێزانین بۆ رووناکبیران و پێشەنگانی رۆژنامەگەریی کوردستان و ئەو رۆژنامەنووسانەی لە پێناو گەیاندنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستاندا خزمەتیان کرد و گیانی خۆیان بەخت کرد.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/4/21









رووداو
Top