دوایین سێ تووشبووی کۆرۆنا لە دهۆک چاکبوونەوە

دوایین سێ تووشبووی کۆرۆنا لە دهۆک چاکبوونەوە
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک چاکبوونەوەی سێ تووشبووی کۆرۆنای راگەیاند کە دوایین تووشبووانی کۆرۆنا بوون لە پارێزگاکە و بەوەش هیچ تووشبوویەک لە نەخۆشخانەکان نەماوە.
بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک، ئەو سێ تووشبووە 7ـی ئەم مانگە تووشی کۆرۆنا ببوون، پاش پشکنینی یەک لە دوای یەک، ئەنجامی پشکنینەکانیان نێگەتیڤ دەرچووە.

تەندروستیی دهۆک ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو تووشبووانەی پێشووتر دووبارە پشکنینیان بۆ کراوەتەوە و دەرکەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەکە نین و بەهەمانشێوە پشکنینەکانیان نێگەتیڤ دەرچووە.

لە دهۆک 15 کەس تووشی کۆرۆنا بوون کە یەکەم کەسیان لە روژی پێنجشەممە 20ـی ئادار یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە دھۆک دەستنیشانکراوە کە پێنج رۆژ بوو لە ئەڵمانیاوە بۆ ھەرێمی کوردستان گەڕابووەوە.

تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 337 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 287 کەسیان چاکبوونەتەوە و چوار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

هەر ئەمڕۆ هەردوو قەزای چەمچەماڵ و دەربەندخان رایانگەیاند، کە سەرجەم تووشبووانی کۆرۆنا لە قەزاکانیان چاکبوونەتەوە.










رووداو
Top