ڤیان سەبری: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت هۆکارێکی باشە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق
د. ڤیان سهبری، سهرۆكی فراكسیۆنی پارتی له پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق گهیشتونەته رێككهوتنێکی باش لهبارهی هەناردەکردنی نهوت و كهمكردنهوهی بڕەکەی بهپێی بڕیاری رێكخراوی هەناردەکارانی نەوت (ئۆپیک).
ڤیان سەبری پێی وایە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ”هۆكارێكی باشه بۆ پێكهێنانی حكوومهتی نوێی عێراق"، کە بڕیارە لەلایەن مستەفا کازمییەوە پێک بهێنرێت.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، مستەفا کازمیی رۆژانە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆ دەبێتەوە، بەڵام تا ئێستا کاتی راگەیاندنی ئەو حکوومەتە دیار نییە و پەرلەمان چاوەڕێی بەرنامەی حکوومەتەکە و ناوی وەزیرەکانە.
شاندی ھەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە 19-4-2020 بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی نرخی نەوت و کێشە داراییەکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، گەیشتە بەغدای پایتەختی ئەو وڵاتە.
رۆژی پێنجشەممە 9-4-2020، بەرهەم ساڵحی سەرکۆماری عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راسپارد.
باسنیوز
