تەندروستیی گەرمیان: 145 پشکنینی هاونیشتیمانیان پاک دەرچوو
بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان، "لەچوارچێوەی ھەڵمەتە بەردەوامەکانی تیمەکانی تەندروستیی گەرمیان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بۆ چین و توێژەکان، لە دوو رۆژی رابردوودا نموونەی پشکنین لە 145 ھاووڵاتی وەرگیرا، خۆشبەختانە ئەنجامی سەرجەم نموونەکان پاکبوون."
لە راگەیێندراوەکەی تەندروستیی گەرمیاندا باس لەوەکراوە، "ئەو ھاووڵاتیانەی پشکنینیان بۆکراوە نیشتەجێی گەڕەکەکانی حەمرین، شێروانە و رووناکی بوون لە قەزاکانی کەلار و کفری و ھەردوو ناحیەی مەیدان و باوەنوور."
لە چوارچێوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا، لە شارەکانی هەرێمی کوردستان تێستی هەڕەمەکی وەردەگیرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ 19-04-2020، تەندروستیی هەولێر رایگەیاند کە حەوت تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، هەروەها لە هەڵەبجەش کەسێک چاکبووەوە و بە چاکبوونەوەی ئەو تووشبووەش ئێستا کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان چاکبوونەتەوە گەیشتە 268 کەس. تاوەکو ئێستاش چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.
رووداو
