لەبارەی گۆڕانی ڕه‌نگی ئاوی دەربەندی ڕانیە ڕوونکردنەوە دەدرێت

لەبارەی گۆڕانی ڕه‌نگی ئاوی دەربەندی ڕانیە ڕوونکردنەوە دەدرێت
ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕەنگی بەشێکی ئاوی دەربەندی ڕانیە کە شوێنێکی گەشتیارییە گۆڕاوە و بەڕێوەبەری ئاوی ڕاپەڕینیش له‌مبارەیەوە ڕوونکرنەوە دەدات.

سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: "ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕەنگی بەشێک لە ئاوی دەربەندی ڕانیە گۆڕاوە و بووەتە جێی پرسی خەڵک و گەشتیارانی سنوورەکە، بۆیە بەدوداچوونمان بۆی کرد و دەرکەوت کە دەستی مرۆڤی تێدا نییە و شتێکی سروشتییە".

گوتیشی: "بەھۆی ئەو لافاو و قوڕاوەی بارانبارینی شاخەکانی قەندیل و دەڤەری پشدەر کە دێتەوە ناو ئاوى ده‌ربه‌ندى ڕانیه‌، کە چڕییەکەی هه‌زار و 200 کیلۆگرام لە ھەر مەترسێجایەکە، ئەو ڕەنگە دروست بووە، لەکاتێکدا پێویستە هه‌زار کیلۆگرام بۆ ھەر مەترسێجایەک بێت، ئینجا ئاسایی دەبێتەوە".

باسی له‌وه‌ش کرد: "ھاوکات ساڵانە دەربەندی ڕانیە ڕووبەرێکی زۆری ئەو گەنمانەی لە قەراغی دەکرێن دادەپۆشێت و گەنمەکەش بە کاریگەریی ئاوەکە جۆرە ژەنگێکی ڕەش دروست دەکات و لەگەڵ ئاوەکە تێکەڵ دەبێت".

بەڕێوەبەری ئاوی ڕاپەڕین ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو، ئەو ڕەنگە لە سنووری قەزای دووکان نامێنێت بەوەش مەترسیی لەسەر ئاوی خواردنەوەی دووکان – سلێمانی دروست ناکات، ھاوکات ھیچ زیانێکی بۆ مەلەکردن نابێت.









باسنيوز



Top