فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان داوای گەیاندنی خزمەتگوزاری بە دۆڵی خۆشناوەتی دەکات
ئهمڕۆ پێنجشهممه 16/4/2020، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، پهیامێكى لە ساڵوەگەڕی کیمیابارانکردنی بالیسان بڵاو كردهوه، تێیدا هاتووه: "ئەمڕۆ 33 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شارۆچکەی بالیسان، گوندی شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی لەلایەن رژێمی بەعـسی عێراقی تێ دەپەڕێت".
ئهوهش خراوهته ڕوو: "رژێمی بەعس بە درێژایی حوکمی خۆی وەک داگیرکەرێک لە کوردستان، دەیان و سەدان تاوانی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دا، کە قێزەوەنترینیان کیمیابارانکردن، ئەنفال و وێرانکردنی زیاتر لە چوار هەزار گوندی کوردستانە".
له پهیامهكهى فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، باس لهوهش كراوه: "کیمیابارانکردنی بالیسان و دۆڵی خۆشناوەتی لە 16ـی نیسانی 1987، کە بووە هۆی شەهیدبوونی 264 هاووڵاتیی مەدەنی و بریندربوونی 400 کەسی دیکە، بۆ هەموومان دەسەلمێنێت، کە ئەگەر هەوڵی بونیاتنانی کوردستانـێکی بەهێز و یەکگرتوو نەدەین، ئەوا دەبێ چاوەڕێی هەموو تاوانێکی قێزەوەن و دژەمرۆڤایەتی لە دوژمنان و داگیرکەران بکەین".
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشى كردووتهوه، جێی دڵخۆشییە پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 16/4/2007 ڕۆژی 16ـی نیسان (ساڵوەگەڕی کیمیبارانکردنی بالیسان)ی وەک رۆژی ژینگەی کوردستان دەستنیشان کردووە، بەو هیوایەی بە پاکڕاگرتنی ژینگە و چاندنی دار و درەخت، ڕێزی ئەو خاكەبگرین كە شەهیدانمان ڕۆحیان پێشكەش كرد، "جێی داخە ئەگەرچی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوهتی بەردەوام لانکەیەکی شۆڕش بوون و بوونەتە یەکەم قوربانیی چەکی کیمیایی بەعس، بەڵام حکوومەت و دەزگاکانی لە دۆڵی خۆشناوەتی، کەمترین خزمەتگوارییان بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە دابین کردووە".
له پهیامهكه ئاماژه بهوهش دراوه: "هیوادارین حکوومەت ئاوڕێکی جددی لەو ناوچەیە بداتەوە و خزمەتگوزاریی زیاتر بگەیەنێت دۆڵی خۆشناوەتی، کە شایانی خەبات و قوربانیدانی خەڵکەکەی بێت".
باسنيوز
