سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی بە بۆنەی یادی قوربانیانی ئەنفاڵ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە
لە بەشێک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: " "ڕژێمی بەعس بە قۆناغ و بە پلانی گەورە و دڕندانەوە لە ۱٤ی٤ی ۱۹۸۸ گەورەترین قۆناغی ئەنفالی دەرحەق بە میللەتی بێ گوناه و بێتاوانی کوردمان ئەنجام دا و ئەم قۆناغەشی گەورەترین قۆناغی تاوانی ئەنفال بوو دژ بە میلەتەکەمان بەرپای کرد".
هاوکات جەختی کردووەتەوە: "وەکوو سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەتی ناوەندی عێراق دەکەین کە بە زووترین کات قەرەبووی خانەوادەی ئەنفالکراوان بکاتەوە".
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
۱٤/ ٤ یادی ئەنفال
لە ۱٤/٤ی هەموو ساڵێک یادی کۆستێکی گەورەی میلەتەکەمانە کە تەنها تاوانی جگە لە کوردبوون هیچی تر نەبووە، بەناوی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، لەم ڕۆژەدا و بە بۆنەی ئەم کۆستە گەورە و گرانەی کە بەناوی ئەنفالەوە دەرحەق بە میلەتەکەمان ئەنجام درا، سەری ڕێز و نەوازش نەوی ئەکەین لەبەردەم گڵکۆ و مەزاری ئەنفالکراوانمان، و بە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەڵێین لەم ڕۆژەدا خەمبارو دڵ بە ئازارین دەرحەق بەم تاوانە گەورەیەی کە دەرحەقمان کراوە، بەداخەوە ڕژێمی بەعس بە قۆناغ و بە پلانی گەورە و دڕندانەوە لە ۱٤ی٤ی ۱۹۸۸ گەورەترین قۆناغی ئەنفالی دەرحەق بە میلەتی بێ گوناه و بێتاوانی کوردمان ئەنجام دا و ئەم قۆناغەشی گەورەترین قۆناغی تاوانی ئەنفال بوو دژ بە میلەتەکەمان بەرپای کرد و تەنها تاوانیشمان تەنها و تەنها کوردبوون بوو، بەداخەوە لەو سەردەمەیە و بەپێش چاوی زلهێزان و مافی مرۆڤی جیهانییەوە لەو کاتەیا گەلەکەمان ئیبادەی جەماعی کرا و هەموویان گوێی خۆیانیان لێ کەڕ و لاڵ کردبوو، هەزاران دروود و سڵاومان ئەنێرین بۆ خوێنی ئاڵی شەهیدان و ئەنفالکراوانمان.
ڕۆحتان شادو گۆڕتان پڕ نوور بێت
وە لێرەوە وەکوو سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەتی ناوەندی عێراق دەکەین کە بە زووترین کات قەرەبووی خانەوادەی ئەنفالکراوان بکاتەوە.
۲۰۲۰/٤/۱٤
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان
باسنيوز
