دوای ١٦ی مانگ ئاسانکاری لە قەدەغەی ھاتوچۆ دەکرێت
بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ ڕۆژی ١٦ی نیسان کۆتاییی دێت، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی جەخت لەوە دەکەنەوە نابێ قەدەغەی ھاتوچۆ بە یەکجاری ھەڵبگیرێت، چونکە ھێشتا مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوە. د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر، لەبارەی قۆناغی دوای ١٦ی مانگەوە دەڵێت: "لەگەڵ ھەبوونی ئاسانکاری، بەڵام ناکرێت قەدەغەی ھاتوچۆ بە یەکجاری ھەڵبگیرێت، چونکە ئەگەر حاڵەتی کۆرۆنا ھەبێت، ئەوکات کارەسات دروست دەکات."
ھێمن قادر، جێگری پارێزگاری ھەولێر، لە لێدوانێکیدا ئاشکرای کرد: "ئەوان لە کۆبوونەوەدان بۆ قۆناغی داھاتوو و بڕیاردان لەسەر پرسی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا."
بەپێی ئەو زانیاریانە: "لە پارێزگای ھەولێر ئاسانکاریی زۆر بۆ ھاووڵاتیان دەکرێت و بەشێک لەو دووکان و شوێنە بازرگانیانەی پێویستن بۆ ھاووڵاتیان دەکرێنەوە، بەڵام بازاڕی گشتی و شوێنە گشتییەکان ناکرێنەوە، بەڵکو لەنێو گەڕەکەکان ئاسانکاری دەست پێ دەکات."
PDK
