چەند ماددەیەکی خۆراک دابەشی سەر خەڵک دەکرێت
عەباس محەمد، سەرۆکی لیژنەی دارایی له ئەنجوومەنی پاریزگای هەولێر ڕایگەیاند، حکوومەت خۆراکی کڕیووە و دابەشی سەر خەڵکی دەکا، گوتی: "وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان ئەوەی پێڕاگەیاندین 30 هەزار تەن ئاردی سفر 6 ملیۆن لتر زەیت، لەگەڵ هەندێ موادی تری خۆراکی، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە کڕدراوە و بڕیارە بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت".
ڕوونیشیکردەوە، ئەو خۆراکە زیاتر ئەو خێزانە هەژارانە دەگرێتەوە کە بارو گوزەرانیان خراپ بووە و کارو کاسبیان لەدەستداوە بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا .
عەباس ئاشکراشی کرد، کە لەهەفتەی ڕابردوو نزیکەی 10 هەزار تەن لە ئاردەکە گەیشتبووە هەرێمی کوردستان ، دوای گەیشتی تەواوی موادەکانی تر دابەش دەکرێ.
گوتیشی: "ئەوە هەنگاوێکی باش دەبێت لەڕووی دەست گرۆیی خەڵکی کەم دەرامەت و دابەزینی نرخی خۆراک لە بازاڕدا،خەڵک چاوەڕوانی ئەوە دەکات وەک حکوومەت دەستی هاوکاری دڕێژ بکات بەدابینی کردنی بژێوی ژیان، کە بەهۆی ئەو پەتایەوە کاریان لەدەست داوە و بژێوی ژیانیان قورس بووە ".
ئاماژەی بەوەشدا کە چاوەڕوانی میکانیزمی چەندیەتی و چۆنیەتی دابەشکردنی خۆراکەکە دەکەن.
باسنیوز
