وەزیری ناوخۆ زانیاری لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ ئاشکرا دەکات

وەزیری ناوخۆ زانیاری لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ ئاشکرا دەکات
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ وردەکاریی نوێی خستە ڕوو.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٠، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕايگەیاند:" پێشتر وەزارەتی تەندروستی داوای کردبوو کە قەدەغەی ھاتوچۆ بۆ ١٥ی ئەم مانگە درێژ بکرێتەوە، بەڵام ئێستا لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و پارێزگارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان دیراسەی پلانێکی نوێ دەکەین بۆ درێژکردنەوەی قەدەغەی ھاتوچۆ، بیگومان ئەمڕۆ یان سبەی وردەکارییەکەی بۆ ھاووڵاتیانی کوردستان بڵاو دەکەینەوە“.

ڕوونیشی کردەوە، لەپێناو پاراستنی ھاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە پەتای کۆرۆنا، ”جارێکی دیکە قەدەغەی ھاتوچۆ درێژ دەکەینەوە، بەڵام جارێ کاتی درێژکردنەوەی قەدەغەی ھاتوچۆ دیاری نەکراوە، چونکە ئێستا سەرقاڵی دیراسەکردنی ئەو بابەتەین“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرکەوتەی تووشبوانی پەتای کۆرۆنا هەبووە، ”ئەگەر قەدەغەی ھاتوچۆ نەبوایە، ھەزارەھا کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبوون، نمونەش بۆ قسەکانمان ئەوەیە بەھۆی پرسەکەی ھەولێرەوە ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا نزیک لە سەد کەس نزیک بووەوە، بۆیە ئەگەر ھاتوچۆ ئازاد بووایە و ئەو ھەموو خەڵکە تێکەڵی یەکتری بوایە، دەوامی فەرمانبەران و زانکۆ و پەیمانگاکان ئاسایی بوایە، ھەر یەکێک لەوانە سەدان کەسیان تووشی ڤایرۆسەکە دەکرد“.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە ”ئەگەر قەدەغەی ھاتوچۆ بشکێنرێت، مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دەبێت، بۆیە داوا لە ھاووڵاتیان دەکەین، لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە و سوپاسیشیان دەکەین کە تاکو ئێستا پابەندبوون و ڕێنماییەکانیان جێبەجێ کردووە“.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆ تاوەکوو ڕۆژی هەینی ١٠ی نیسانی ٢٠٢٠ قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەی، وەک وەزیری ناوخۆ رای گەیاند، بڕیاری تازە لەمبارەیەوە دەربکرێت.












باسنيوز




Top