شێح جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان: ئەگەر ھێزی پێشمەرگە بە فراوانی جێگیر بکرێن داعش ناتوانێ چالاکی ئەنجام بدات"
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای دەگەیەنێ جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان فراوان بووە و زۆر جار پەلاماری سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە دەدەن و ھەڵدێن و بوونەتە مەترسییەکی گەورە بۆ ناوچەکە.
شێح جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەمبارەوە ڕاگەیاند: "ڕاستە تیرۆریستانی داعش چالاکییەکانیان کەم کراوەتەوە، بەڵام ماوەیەکە لە ناوچە کوردستانییەکان بە شێوەی پارتیزانی پەلاماری سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە دەدەن و ھەڵدێن ئەمەش نیگەرانی و ترسی بۆ ژیانی ھاووڵاتیانی خانەقین و ناوچە کوردستانییەکان دروست کردووە".
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: "ئەگەر ھێزی پێشمەرگە زیاتر لەو ناوچانەدا جێگیر نەکرێن، تیرۆریستانی داعش چالاکییەکانی خۆیان دژی ھێزەکانی پێشمەرگە زیاتر دەکەن"
گوتیشی: "چەکدارانی داعش ئێستا فێر بوون ھێریشی لەناکاو ئاڕاستەی سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە دەکەن و دواتر بەرەو شوێنی نادیار ھەڵدێن، بەداخەوە شەوی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش لە کوڵەجۆ ھێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و بەھۆی ھێرشەکەوە دوو پێشمەرگەی قارەمان شەھید کران".
بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد: "ھەرچەندە بەردەوام پێشمەرگە قارەمانەکان بە توندی بەرپەرچی تیرۆریستانی داعش دەدەنەوە، بەڵام ئەگەر ھێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی فراوان لە ناوچە کوردستانییەکان جێگیر بکرێن، تیرۆریستانی داعش ناتوانن لەو سنوورانە چالاکی ئەنجام بدەن".
شەوی سێشەممە ٧ی نیسانی٢٠٢٠ چەکدارانی داعش ناحیهی كوڵهجۆی سنووری گهرمیان هێرشیان کردە سهر سهنگهرهكانی ھێزی پێشمهرگه و دوو پێشمەرگە شەھید بوون.
باسنيوز
