حکومەت کرێی خانووبەرە کەمدەکاتەوە

حکومەت کرێی خانووبەرە کەمدەکاتەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارە تاوتوێی کەمکردنەوەی باج و رسوومات بکات بۆ ئەوەی لەم دۆخەی ئێستا خاوەن موڵکەکان کرێی خانووبەرە بۆ کرێنشینان کەمبکەنەوە.

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران گوتی" لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باس لە بارگرانی دۆخی ئێستای کرێکاران ، کاسبکاران و کرێنشینان کرا، لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژە یاسایەک خوێندرایەوە کە پێکهاتبوو لە 6 بڕگە و بریتین لە کرێ، باج، رسومات، باجی داهات و باجی خانووبەرەوە، پێبژاردن و قەرز و پێشینەکان.

ئامانج رەحیم روونیکردەوە، بەپێی پڕۆژەیاسەکە داواکراوە حکومەت لە کرێی ئەو ماوەیەی کرێنشینەکانی خۆشبێت، هەروەها حکومەت وەرگرتنەوەی پێشینەی خانووبەرەوەو قەرزی بچووک دوابخات.

ئەوەی تایبەتە بە کرێی کەرتی تایبەت، ئامانج رەحیم گوتی" بەپێی بڕیاری 32ی پەرلەمان لە 2003، ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی پێدراوە بە کەمکردنەوەی کرێ، حکومەت دەیەوێ ئەو مافە یاساییەی خۆی جێبەجێبکات کە خاوەن موڵکەکان کرێیەکانیان کەمبکەنەوە و لەبەرامبەردا حکومەت لە باجەکانیان خۆشدەبێت، هەروەها حکومەت بڕیاریدا بە لێخۆشبوونی باجی کاسبکاران و کرێکاران کە بەهۆی دۆخەکە ناتوانن کاربکەن".

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکرایکرد، دوای خوێندنەوەی پڕۆژە یاساکە، ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەکەی پەسندکرد و لیژنەیەکی بۆ پێکهێنراوە، لە هەفتەی داهاتوو لیژنەکە دەستبەکاردەبێت، ئەگەر پێویستی بە یاسا هەبێت، ئەوا پەرلەمان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی هەریاسایەک حکومەت بیەوێ ئەوان بەزوویی پەسندی دەکەن.









رووداو
Top