سامان بەرزنجی: كارمەندانی تەندروستی ئێستا لە سەنگەری بەرگرین و خۆیان كردووەتە قەڵغان

سامان بەرزنجی: كارمەندانی تەندروستی ئێستا لە سەنگەری بەرگرین و خۆیان كردووەتە قەڵغان
ئەمڕۆ حەوتی نیسان کە بە ڕۆژی جیهانیی تەندروستی ناسراوە، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای بەرزنرخاندنی ئەو ڕۆژە، جەخت دەکاتەوە لە کاتێکدا جیهان و هەرێمی کوردستان ئەو یادە دەکاتەوە کە بە قۆناغیکی هەستیاردا تێدەپەڕین.

د. سامان بەرزنجی لە بەشێک لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: " لێرەشەوە داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بە تایبەتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەكەین كە دەستی هاوكاری و پاڵپشتی و پێداویستی پزیشكی بۆ هەرێمی كوردستان درێژ بكەن بۆئەوەی ئەم قۆناغە سەختە تێبپەڕێنین".


دەقی راگەیەندراوەکە:

بەیاننامە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی تەندروستی

حەوتی نیسانی هەموو ساڵێك، لە لایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بەڕۆژی جیهانی تەندروستی ناسێندراوە، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان و جیهان ئەو یادەیە دەكاتەوە بە قۆناغێكی هەستیار و پڕ لە مەترسیدا تێدەپەڕێت، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید19).

وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم هەموو هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و بەدوربوونیان لەو نەخۆشییە، وە بەردەوام جەخت لە خۆپارێزی دەكات و داواش لە هاووڵاتیان دەكات باپەندی ڕێنماییە تەندروستییەكانبن.

هەروەك ڕوونە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی پێناسەی ئەم رۆژەی بەوە كردووە كە: (بریتییە لە تەندروستبوون و پێگەیشتن و كامڵبوونی جەستە و هزر و ئابووری و لایەنی کۆمەڵایەتی مرۆڤ، نەک تەنها دوور بوون بێت لە نەخۆشی و پەککەوتەیی). ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوونە كە پێناسەی ڕێكخراوەكە تەنیا ئاماژەدان نییە بە دوور بوون لە نەخۆشی و پەککەوتەیی كە بەمەش مانای تەندروستی تەواو نادات بە تاكەكان.

هەر بۆیە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمیش جەخت دەكاتەوە هۆشیاری تاك بە بەشێكە لە تەندروست بوونی تاک دادەنرێت، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر کەسێک بیر و بیر کردنەوە و بڕوای تەندروست و ساغ نەبوو، كەسەكە بە كەسێكی ناتەندروست لە قەڵەم دەدرێت.

بیر و باوەڕی تەندروست و ساغ ئەو بەها ڕۆحییانەن کە یارمەتی مرۆڤ دەدەن لەوەی کە خۆی لە کاری خراپ و ئاژاوەگێری و ئاشووب و شەڕ بپارێزێت، ئەگەر كەسەكە بەو شێوەیە بوو کەسێکی هێمن و پاک و ڕاستی لێ دەردەچێت و حەز بە خۆشی مرۆڤەکان دەکات و لە شەڕانگێزی و نائارامی و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگا بە دوور دەبێت، وە دەبێتە هۆی خۆشی و خۆشگووزەرانی میللەت، بەمەش ئێستا و ئایندەی خۆی و نەوەکانی مسۆگەر دەکات، وە لە بەرامبەریشدا ژیانی کۆمەڵگا و میللەت پارێزراو ئارام دەبێت. ئەمەش، وادەکات کە هەمووان لە کۆمەڵگا، بە تاک و کۆمەڵگا و دەسەڵات گرنگی بە هەموو لایەنەکانی تەندروستی بدەن، نەک بۆ ئەوەی تەنیا تەندروست بین بەڵکوو بۆ ئەوەی ئێستاو و ئایندەی میللەت و هاووڵاتیانمان مسۆگەر بێت و ووڵاتەکەمان لە خۆشی و خۆشگوزەرانیدا بێت، وە لە پشێوی و ئاژاوەگێری بەدوور بێت.

هەروەك ڕوونە ڤایرۆسی كۆرۆناش یەك لەو ڤایرۆسە گوازراوانەیەكە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوزارێتەوە و خۆپارێزی و جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان ژیانی خۆت و خانەوادەو هاووڵاتیان دەپارێزیت، پاراستنی تاكەكانیش لە ئەستۆی هەمووانە و باپەندبوونت بە ڕێنماییەكان نیشانەی كەسایەتی و تەندروستبوونتە.

لێرەشەوە داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بە تایبەتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەكەین كە دەستی هاوكاری و پاڵپشتی و پێداویستی پزیشكی بۆ هەرێمی كوردستان درێژ بكەن بۆئەوەی ئەم قۆناغە سەختە تێبپەڕێنین.

لەم ڕۆژەدا دەستی ماندووی پزیشكان و پەرستاران و سەرجەم كارمەندانی تەندروستی دەگوشین، ئەوان ئێستا لە سەنگەری بەرگرین لەم ڤایرۆسە و خۆیان كردووەتە قەڵغانێك بۆ ئەوەی هاووڵاتیان پارێزراو بن، هاوكات دەستخۆشی لە برایانی هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە دەكەین كە شەو رۆژ كاردەكەن بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان.

هیواخوازین هەمووان بەیەكەوە بە جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان بتوانین ڕووبەڕووی ئەو ڤایرۆسەیە بینەوە و هەرێمی كوردستان پارێزراو بكەین.



د. سامان حسین بەرزنجی

وەزیری تەندروستی

حكوومەتی هەرێمی كوردستان

7 نیسان 2020










باسنيوز



Top