بوومەلەرزەیەک سنووری گەرمیانی هەژاند
لەمبارەوە سیروان ساڵەح شارەزای بواری جوگرافیا و بەڕێوەبەری پەیجی كەشوهەوای گەرمیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، ڕایگەیاند: "ئەو بوومەلەرزەیە كاتژمێر 10.56 خولەكی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 6/4/2020 بە کاتی هەرێمی کوردستان لە نێوان كەلار ـ شارەدێی كوڵەجۆ ڕووی داوە كە گوندی (شێخ لەنگەر) چەقی زەمین لەرزەكە بووە و 17 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری كەلارەوە دوور بووە".
گوتیشی "گوڕی زەمین لەرزەكە 4.1 پلە بووە بەپێی پێوەری ڕێختەر و لە قوڵایی 9 كیلۆمەتر لەژێر زەوییەوە ڕووی داوە".
جێی ئاماژەیە زەمین لەرزەكە لەلایەن هاووڵاتیانی شاری كەلار و دەورووبەرییەوە هەستی پێ كراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان هیچ زانیارییەكی لەبارەی بوومەلەرزەکە بڵاو نەكردووەتەوە.
هاوکات هەمان بوومەلەرزە کاتژمیر 12:26 خولەک بە کاتی ئێران بە گوڕی 4.1 بە پێوەری ڕیختەر و لە قووڵایی ٩ کیلۆمەتری ژێر زەوی لە شاری قەسر شیرینی سەر بە پارێزگای کرماشانی هەژاندووە.
باسنیوز
