بەیاننامەیەک دوای کۆتایی ھاتنی کەرەنتینەی سێبیران
لە سەرەتادا كەمێك قورس بوو ئەمە ھەزم بكەین و، بەداخەوە بەشێک لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان بوونە ھۆی زیاتر تێکدانی دەروونی ھاوولاتیانی ئەو شارۆچکەیە کە بە وھانی چین لە کوردستان وەسفیان کرد، بە خوشحالیەوە بەشێكیشیان زۆر ھاوكار بوون و دەنگی ئێمەیان گەیاند.
خەڵکی شارۆچکەکەمان بوێرانە ھەستانە سەرپێ و بریاریان دا بە یەک تیم رووبەروی ئەو مەترسیە ببنەوە ھەموویان بەلێنیان دا بە جێبەجێکردنی رێنماییەکان و مانەوەیان لە مالەکانی خۆیان، بۆ پاراستنی خۆیان و كوردستانیان.
جوانیەكی دیكەی دانیشتوانی سێبیران ئەوەبوو كە بەرپرسانی تەندروستی ئاشكرایان كرد"خەلكی سێبیران خۆیان سەردانی تیمەكانی تەندروستی دەكەن بۆ ئەوەی پشكنینی ڤایرۆسەكەیان بۆ بكرێت، ئەمە لە كاتێكدا بوو خەلكی بەشێك لە ناوچەكانی دیكە بە قاچاغ لە دەرەوە دەھاتنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لەم پشكنینە بدزنەوە!
سێبیرانیان بڕیاندا سەركەون و ئێدی لەوکاتەوە ھەنگاوەکانی سەرکەوتنی شارۆچکەکە دەستیان پێکرد بەسەر ئەم ڤایرۆسەداو بەشێوەیەک لە ناوەراستی نیوەی یەکەمی رۆژەکانی کەرەنتینە دا ھیچ حالەتێکی تووشبوون لە شارۆچکەکە تۆمار نەکرا ئیدی ھەناسەیەکمان دا بۆ ھەلسانەوە.
ئێستا کاتی ئەوە ھات کە رایبگەیەنین شارۆچکەی سێبیران بووە نموونەیەکی جوان لە ھەرێمی کوردستان لە پابەندبوون بە رێنماییەکان و خۆ پاراستن، زەنگی سەرکەوتنیان بەسەر ڤیایرۆسەکەدا لێدا و بەتەواوی بەسەر ڤایرۆسەكەدا زاڵبوون.
شاروچەكەكەمان وەك چوون خاوەنی یەكەم شەھیدی شەڕی دژی داعشە، ھەر ئەو شاروچەكەش بوو یەكەم جار جاڕی سەركەوتنی بەسەر ڤایرۆسی كۆڕۆنا لێدا و پەیتا پەیتا توشبووانی نەخۆشیەكە نەخۆشخانە جێ دەھێلن.
لێرەدا بە پێویستی دەزانین نھێنی سەرکەوتنمان بەسەر ڤایرۆسەکەدا لە چەند خالێک روون بکەینەوە :
١-پابەندبوونی تەواوی دانیشتوانی سێبیران بە رێنماییە تەندروستیەکان و وەزارەتی ناوخۆ.
٢- ھاوکاری کردنی دانیشتوانی شارۆچکەکە بە دابین کردنی زۆربەی پێداویستیەکانی رۆژانە بۆ خەڵكی خۆیان.
٣-ھەبوونی چەندان لاو و چاڵاكوان لە سێبیران کە رۆژانە خەلکیان ھۆشیار دەکردەوە بە پابەندبوون بە رێنماییەکان لە سۆشیال میدیادا.
٤-ھەبوونی چەند کەسێکی خەمخۆر و دلسۆز کە شەو و رۆژیان خستبووە سەریەک بۆ خزمەتکردنی شارۆچکەکەمان بە دابەش کردنی پێداویستیەکانی رۆژانە بەسەر دانیشتوانی شارۆچکەکەمان.
٥-ھاوکاریە بەردەوامەکانی دەزگا خێرخوازیەکان و کەسایەتیەکان.
٦-یەکێک لە ھۆکارە ھەرەسەرەکیەکانیش خۆڕاگری و دان بە خۆداگرتنی دانیشتوانی شارۆچکەکە بوو .
٧- دروستكرنی گرۆپ چاتێك لە چاڵاكوانان و رۆژنامەنووسانی شارۆچەكەكە و تێیدا بەردەوام دەنگی دانیشتوانی سێبیران دەگەندرایە لایەنە پەیوەندیدارەكان.
لێرەوە دەلێین: دەکرێت سێبیران بکرێتە نموونەیەکی جوان بۆ ئەوەی ھەمووان چاوی لێبکەن بۆ ئەوەی ھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بین تا لە کەمترین ماوەداو بە کەمترین زیان ئەم دۆخە تێپەڕێنین.
سوپاس و پێزانین :
جێی خۆیەتی لێرەدا بەناوی گشت دانیشتوانی شارۆچکەکەمان سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین بەتایبەت خودی وەزیری تەندروستی بەرێز (د.سامان بەرزنجی ) کە بە ھیمەتی دڵسۆزانەی بەرێزیان توانرا نەخۆشخانەی سێبیران بكرێتە ٢٤ كاتژمێری و ھەروەھا دانانی نەخۆشخانەیەکی گەڕۆک و دابین کردنی چەند ئوتومبێلێکی فریاکەوتن کە ٢٤ کاتژمێر ئامادەبوون بۆ خزمەتکردنی دانیشتوانی سێبیران و پشكنینی زیاتر لە ٤٠٠ كەس لە شارۆچكەكە .
ھەروەھا سوپاسی بەرێز پارێزگاری ھەولێر (د.فرسەت صۆفی) دەكەین كە لەسەرەتای كەرەنتینەوە بڕیاریدا كارەبای سێبیران بكرێتە ٢٤ كاتژمێر، سوپاسی ھەریەك لە بەڕێزان بەرێوەبەری تەندروستی ھەولێر و قائمقامی قەزای خەبات و بەرێوەبەری تەندروستی خەبات و پەرلەمانتار سەروان ھەركی و بەڕێوەبەری ناحیەیی رزگاری و پۆلیسی گۆمرگ و سەرجەم ھێزە ئەمنیەكان و ستافی پزیشکان کە لە سنوورەکەمان لە ئەرک دابوون بۆ خزمەتکردنی شارۆچکەکەمان وە سوپاسێکی تایبەتی دەزگای خێرخوازی بارزانی و خودی سەرۆکی دەزگا بەڕێز (موسا احمد ) و ستافی دەزگای ناوبراو دەکەین کە بۆ ماوەی چەند رۆژ لە خزمەتی دانیشتوانی سێبیران دا بوون بەبێ جیاوازی بەدابین کردنی پێداویستیەکانی رۆژانەی ھاوولاتیان و ھەروەھا کەسایەتیە خێرخوازایەكان کە ئەوانیش رۆلی بەرچاویان ھەبوو بە دابینکردنی چەندین پێداویستی و ھاوکاری وە سوپاسی ھەموو ئەوانەش دەکەین کە بە دێرێک لە سۆشیال میدیادا یانیش بە تەلەفۆن بێت لە خەمی خەلکی سێبیران دا بوون .
لە كوتایشدا دانیشتوانی سێبیران چەند دواكاریەكیان ھەیە و بە نووسراو ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین.
كۆمەڵێك چاڵاكوان بەناوی دانیشتوانی سێبیرانەوە
٥ـی٤ـی٢٠٢٠
