سەرۆکی حکومەت لەبارەی 48 کاژێرەکەوە: ئەو بڕیارەمان سەپاند دوای زیادبوونی پێشێلکارییەکان
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە لە توویتەر بڵاویکردووەتەوە دەڵێت "بۆ ماوەی 48 کاژێر قەدەخەی هاتووچۆمان لە کوردستان سەپاند، پاش ئەوەی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان زیادبووبوون".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لە ماڵەکانیان بمێننەوە و دەشڵێت، "پابەندبوونتان زۆر گرنگە و دەبێت لە ماڵەوە بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە".
مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمەی خەڵکی کوردستان ئاشناین بە دۆخە سەختەکان، هیوادارین بە کەمترین زیان سەر بکەوین و پێکەوە ئەم جەنگە ببەینەوە و گیانی هاونیشتمانییان بپارێزین".
شەوی 03-04-2020 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ ماوەی 48 کاژێر هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە بەتەواوی قەدەخە دەکرێت و هەرکەس سەرپێچی بکات سزادەدرێت. بڕیارەکەش لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 4-4-2020 چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
رووداو
